حکوومەتی عێراق بۆ کوردستان24: سەرچاوەی زانیارییەکان لەبارەی بنکە ئیسرائیلییەکە نەزانراون
حکوومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، زانیارییەکان لەبارەی بوونی بنکەیەکی نهێنیی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانەکانی وڵاتەکە پشتراست نەکروانەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی راپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی سەبارەت بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی نهێنیی ئیسرائیل، لە بیابانەکانی عێراق، قسەی بۆ کوردستان24 کرد.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی "پێشتر لێدوانی فەرمیمان سەبارەت بەم بابەتە نەداوە. ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردوونەتەوە تایبەتن بە خۆی، نازانین سەرچاوەیان کوێیە و تا ئێستا بۆمان پشتراست نەکراونەتەوە".
رۆژی شەممە، 09ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل بە ئاگاداریی ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی نهێنی بۆ پشتیوانی لە هێرشەکانی دژی ئێران لە بیابانەکانی عێراق دروست کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لەو بنکە سەربازییە نهێنییەدا جێگیر کراون، بۆ ئەوەی بە هانای فڕۆکەوانەکانەوە بچن لە ئەگەری خستنەخوارەوەیان.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نهێنیی بنکە سەربازییەکە لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵدا خەریک بوو ئاشکرا ببێت، کاتێک شوانێکی ناوچەکە هەستی بە جووڵەی نائاسایی هێلیکۆپتەر و چالاکیی سەربازی کرد، دواتر سوپای عێراق یەکەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە نارد. بۆ رێگریکردن لە نزیکبوونەوەی هێزە عێراقییەکان، ئیسرائیل پەنای بۆ بۆردومانی ئاسمانی برد. بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دووانی تریش بریندار بوون.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، پێشتر، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، فەریق قەیس محەمەداوی، بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "وا دیارە هێزێک پێش لێدانەکە لەسەر زەوی هەبووە، بە پاڵپشتیی ئاسمانی، و بە توانایەک کار دەکات کە لە توانای یەکینەکانمان زیاترە".
دواتر لە کۆتایی مانگی ئاداردا، عێراق سکاڵایەکی فەرمیی لە دژی ئەو هێرشە گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەمریکا؛ بەڵام سەرچاوەکانی رۆژنامەکە جەخت دەکەنەوە، ئەمریکا هیچ تێوەگلانێکی لەو هێرشەدا نەبووە و تەنیا هێزەکانی ئیسرائیل کردوویانە.