سوپای کوەیت: بەیانی ئەمڕۆ چەند درۆنێکمان تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمە بەرگرییەکانی وڵاتەکەیان چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە"یان لە ئاسمانی کوەیتدا تێکشکاندووە و هێزە چەکدارەکانیشیان لە ئامادەباشی تەواودان.

 بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان شوێنپێی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە"یان هەڵگرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتبوونە ناو مەودای ئاسمانی وڵاتەکەیان.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کرد، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوپای کوەیت لە ساتەوەختی چوونە ناوەوەی ئەو درۆنانە، بەپێی رێکارە سەربازییە پەسندکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و مەترسییەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.

عەقید سعود عەتوان جەختی لەوەش کردەوە، هێزە چەکدارەکانی کوەیت لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و سەلامەتیی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی سەر خاکی وڵاتەکەیان، هەروەها دووپاتیکردەوە کە رێگە بە هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی نادەن حرمەتی ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی زۆری ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت. هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی کوەیت ئاشکرای نەکردووە ئەو درۆنانە لە کوێوە هاتوون یان ئامانجیان چی بووە، بەڵام دڵنیایی دا کە بارودۆخەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.

سوپای کوەیت لە مانگی نیسان دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران،  لە بەیاننامەیەکدا، وردەکاریی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە 28ی شوبات تا 10ی نیسانی 2026، رووبەڕووی بووەتەوە و بریتیە لە:

- 354 مووشەکی بالیستی.
- 15 مووشەکی کرووز.
- 845 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بە فەرمی تاران و بریکارەکانی، لەوانەش "میلیشیا و گرووپە چەکدارە مۆڵدراوەکانی سەر بە ئێران"ی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە رێگەی درۆنەوە دامەزراوە ستراتیژی و حەیاتییەکانی کوەیتیان کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامیی ئەم هێرشانە هەوڵە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران تێکدەدات و بە هەڕەشەیەکی روون بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ناوچەکە دادەنرێت.