دەستەی ژینگە: هێنانی هەر جۆرە ئاژەڵ و رووەکێکی نامۆ بۆ هەرێم پێویستی بە بڕوانامەی "سایتیس"ـە

بەرپرسی بەشی ژینگەی سروشتی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ بۆ هێنانی هەر جۆرە ئاژەڵ، خشۆک، یان رووەکێکی نامۆ بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پێویستە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی "سایتیس" (CITES)یان هەبێت کە تایبەتە بە رێکخستنی بازرگانیکردن بە جۆرە دەگمەنەکان.

سەبارەت بە رێکارەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، سۆلین سەعدی بەرپرسی بەشی ژینگەی سروشتی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، گوتی: "داواکاریی هێنانی ئاژەڵەکان لای ئێمە پێشکەش دەکرێت و پاشان رەوانەی بەغدای دەکەین، لەوێ وردبینی بۆ جۆری ئاژەڵەکان دەکرێت؛ ئەگەر ناویان لە لیستی رێپێدراوی سایتیسدا هەبێت رەزامەندییان دەدرێتێ، بە پێچەوانەشەوە رێگرییان لێ دەکرێت و بە نایاسایش هەژمار دەکرێت."

بەرپرسی بەشی ژینگەی سروشتی جەختی کردەوە، ئەم رێکارانە جگە لە ئاژەڵ و خشۆک، جۆرە جیاوازەکانی رووەکیش دەگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵیش رێکاری تەندروستی و ڤاکسینیان بۆ دەکرێت و تا رێژەیەک مۆڵەتدانیان سنووردارە.

ئەم رێکارانە بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی بایۆلۆژی و رێگریگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرانە دەگیرێنە بەر کە لەوانەیە زیان بە ژینگەی ڕەسەنی ناوچەکە بگەیەنن.