ئیمارات هەزاران کرێکاری پاکستان دیپۆرتکردەوە
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا،، درزی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و ئیمارات، ئەم کێشانە گەیشتووەتە ئاستی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کرێکارانی پاکستانی لە میرنشینەکان، کە زۆربەیان لە پێکهاتەی شیعەن.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئیمارات کە یەکێکە لە هاوبەشە ستراتیژییەکانی پاکستان، لە هەنگاوەکانی ئیسلام ئاباد ناڕازییە، بەتایبەت کە پاکستان هێرشە ئێرانییەکانی بۆ سەر ئیمارات سەرکۆنە نەکردووە لە کاتێکدا سەرقاڵی رێککەوتنی ئاشتی بوو لە نێوان تاران و واشنتن، ئیمارات کە زیانمەندی سەرەکیی ئەو هێرشانە بووە، ئێستا لە رێگەی فشاری ئابوورییەوە وەڵامی پاکستان دەداتەوە.
رۆژنامەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە 20 هاووڵاتی شیعەی پاکستانی کردووە کە لە کۆمپانیاکانی ئیمارات کاریان کردووە و لە ماوەی رابردوودا بە کتوپڕی دەستگیرکراون و دیپۆرت کراونەتەوە، هەروەها 8 خاوەنکار لە ئیمارات پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کارمەندە پاکستانییەکانیان لە هەفتەکانی رابردوودا ناچار بە جێهێشتنی وڵات کراون.
سەرکردە ئایینییە شیعەکان لە پاکستان مەزەندە دەکەن لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تا ئێستا نزیکەی 5,000 خێزانی شیعەی پاکستانی لە ئیمارات دیپۆرت کرابنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە 35 ملیۆن شیعە لە پاکستان دەژین و پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، محەمەد ئەمین شاهیدی، سەرکردەی رێکخراوێکی سیاسی شیعەیە دەڵێت، "تێڕوانینێک لە وڵاتانی کەنداو هەیە کە هەموو شیعەیەک لایەنگری ئێرانە، ئەمەش وایکردووە ببنە ئامانج."
گرژییەکان تەنیا لە پرسی کرێکاراندا نەوەستاوە، مانگی رابردوو ئیمارات داوای گەڕانەوەی قەرزێکی 3.5 ملیار دۆلاریی لە پاکستان کرد، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی یەدەگی دراوی بیانیی ئەو وڵاتە، بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووریی پاکستان، سعوودیە هاتە سەر هێڵ و پێشنیازی دابینکردنی 3 ملیار دۆلاری کرد بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دراوی پاکستان.
زیاتر لە 2 ملیۆن پاکستانی لە ئیماراتدا دەژین و ساڵی رابردوو زیاتر لە 8 ملیار دۆلاریان بۆ وڵاتەکەیان ناردووەتەوە. دەرکردنی ئەم کرێکارانە کە هەندێکیان وەک تەکسیوان یان کارمەندی ئەمنی کاریان کردووە و مووچەی مانگانەیان گەیشتووەتە 1,000 دۆلار، مەترسییەکی گەورە لەسەر بژێویی هەزاران خێزان لە پاکستان دروست دەکات.
تا ئێستا هەردوو حکوومەت جەخت لەسەر بەهێزیی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی رەت کردەوە، تاهیر ئەندرابی، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەو کەسانەی دیپۆرت کراونەتەوە تەنیا ئەوانەن کە تاوانیان ئەنجامداوە"، حکوومەتی ئیماراتیش ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم پرسە بدات.
مایکڵ کوگڵمان، توێژەری باڵا لە واشنتن دەڵێت: "ئیمارات لە نزیکبوونەوەی پاکستان لە ئێران و بەردەوامیی پەیوەندییە گەرمەکانی لەگەڵ سعوودیە ناڕازییە، ئەمەش وایکردووە پاکستان لە نێوان بەرداشی ململانێکاندا گیر بخوات."