لوبنان.. دوو کارمەندی فریاگوزاری بە بۆردومانی ئیسرائیل کوژران
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل دوو بنکەی پزیشکیی سەر بە حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە دوو کارمەندی فریاگوزاری کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی یەکشەممە ئیسرائیل بە شێوەیەکی "راستەوخۆ" دوو بنکەی تەندروستیی ئیسلامی سەر بە حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. لە هێرشی یەکەمدا بۆ سەر ناوچەی قەلاویە کارمەندێکی فریاگوزاری کوژرا و سێی دیکە بریندار بوون، لە هێرشی دووەمیشدا بۆ سەر ناوچەی تەبنین، کارمەندێکی دیکە کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون. هەروەها وەزارەتەکە ئیسرائیلی بە "بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەریتە مرۆییەکان" تۆمەتبار کرد.
سەرەڕای ئەوەی لە 17ی نیسانی 2026ـەوە ئاگربەست راگەیەندراوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر باشووری لوبنان. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئامانجیان تەنیا ژێرخانی حزبوڵڵایە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت تەنیا رۆژی شەممە لانی کەم 10 کەس لەو هێرشانەدا کوژراون.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 16ی نیساندا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە "هەموو رێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆی" بگرێتەبەر لە بەرانبەر هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو. لەم چوارچێوەیەدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 85 بنکەی سەربازیی حزبوڵڵایان لە لوبنان پێکاوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژانی 14 و 15ی ئایار، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە واشنتن لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت. سیمۆن کەرەم، باڵیۆزی پێشوو کە مانگی رابردوو لەلایەن جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنانەوە کرایە سەرۆکی شاندی دانوستانکار، سەرۆکایەتی لایەنی لوبنانی دەکات.
جەنگی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 2ی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، تا ئێستا نزیکەی 2800 کەس کوژراون، کە ژمارەیەکیان دوای رێککەوتنی ئاگربەستەکە بوونەتە قوربانی.