کشتوکاڵی هەولێر: تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 هەزار دار چێندراون
"لە چوارچێوەی پشتێنەی سەوزایی حەوت ملیۆن دار دەچێندرێن"
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای دەکات، پڕۆژەی چاندنی حەوت ملیۆن دار لە سنووری پارێزگای هەولێر چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا سەدان هەزار دار چێندراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 هەزار دار لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا چێندراون، کە زۆربەیان داری زەیتوونن."
دەربارەی گرنگیی پڕۆژەکە، هێمن سەید موراد گوتی "ئەم هەنگاوە لە رووی کشتوکاڵییەوە بەرهەمێکی زۆری دەبێت، چ لە ڕووی بەرهەمهێنانی زەیتوون بۆ خواردن یان بۆ پەیداکردنی رۆنی زەیتوون، هاوکات لە ڕووی ژینگەییشەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و وەک فلتەرێک بۆ پاککردنەوەی هەوای شاری هەولێر کار دەکات."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، کە پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی ژینگە ئەنجام دەدرێت و ئەو شوێنانەی دارەکانی تێدا دەچێندرێت، بە وردی و بەپێی پێویستیی ژینگەیی ناوچەکان دەستنیشان کراون.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، پڕۆژەکە هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و ڕاهێنانی پێویستیشیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە پڕۆژەکەدا کار بکەن.
سەرۆکی حکوومەت گوتی "دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین، ئەو گەنجانەی دەیانەوێت لە پڕۆژەکەدا کار بکەن، ڕاهێنیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بکەن."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دارانەی لەم پڕۆژەیەدا دەچێندرێن، بەرهەمدار دەبن و گوتیشی، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەشدارن، دەتوانن لە ڕووی بازرگانییەوە سوود لە بەرهەمی دارەکانی ئەم پشتێنەیە وەرگرن.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە. پانیی پڕۆژەکە دوو کیلۆمەتر و درێژییەکەی 83 کیلۆمەترە و لە هەشت زۆن پێکهاتووە. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت.