میدیاکانی ئیسرائیل کاتی ئەگەریی هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرا دەکەن
میدیاکانی ئیسرائیل خشتەیەکی کاتیی پێشبینیکراویان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بڵاوکردەوە، ئەمەش لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن. لەم چوارچێوەیەدا، ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ سوپا لە حاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو جەنگ، و بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی "I24NEWS" سوپای ئەو وڵاتە چەند هەفتەیەکە لەو دۆخی ئامادەباشییەدا ماوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، جیاوازییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران تا رادەیەک گەورەن، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی دۆناڵد ترەمپ بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین لەم هەفتەیەدا، پێشبینی دەکرێت پێش ئەو کۆبوونەوەیە هیچ کردەوەیەکی سەربازی روونەدات. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر هێرشێک ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت لە نێوان کۆتایی رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو تاوەکو پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 بێت، کە بڕیارە لە 11ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێبکات.
سەبارەت بە شێوازی هێرشەکە، باس لەوە کراوە، هێرشێکی "کورت و بەئازار" دەبێت بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئێرانییەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها جەخت کراوەتەوە، هێرشەکە تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە نابێت، بەڵکو بە هەماهەنگی و هاوکاری تەواوی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، "بە هیچ شێوەیەک وەرنەگیراوە". ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە هات، میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند تاران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە وەڵامی خۆی رادەستی ئەمریکا کردووە.
هاوکات ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بەشێک لە وەڵامەکەی تارانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ "کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە لوبنان" و "ئازادی هەناردەکردنی نەوت" لە لە پێشینەی داواکارییەکانی ئێراندایە. بەڵام رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، وەڵامەکەی ئێران داواکارییەکانی واشنتن جێبەجێ ناکات.