وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران سێ خاڵی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەت کردووەتەوە
تاران ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رەت دەکاتەوە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئێران وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا ناردووە، کە تێیدا رەزامەندی لەسەر هەندێک خاڵ نیشانداوە بەڵام هێشتا "بۆشایی گەورە" لە نێوان هەردوولادا ماوە، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی کورت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کاردانەوەی بەرانبەر بەو وەڵامە نیشاندا کە تاران لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ واشنتنی ناردبوو.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "من ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بە ناو 'نوێنەرانی ئێران'ن. بە هیچ شێوەیەک بە دڵم نییە؛ بە تەواوی قووڵنەکراوە
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە وەڵامی فەرمیی خۆی بۆ واشنتن ناردووە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ. هەرچەندە تاران خواستی بۆ راگرتنی پێکدادانەکان نیشانداوە، بەڵام وەڵامەکەی هەموو داواکارییەکانی ئەمریکا لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی جێبەجێ ناکات.
بەپێی راپۆرتەکە، تاران پێشنیازی کردووە کە تەنیا "بەشێک" لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی تایبەتمەندییەکەی دابەزێنێت، و بەشەکەی تری بنێرێت بۆ وڵاتی سێیەم نەک ئەمریکا. هەروەها ئێران داوای گەرەنتی دەکات کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، دەبێت ئەو یۆرانیۆمەی نێردراوەتە دەرەوە بۆی بگەڕێندرێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران سێ خاڵی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەت کردووەتەوە، ماوەی راگرتنی پیتاندن، ئەمریکا داوای 20 ساڵ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، بەڵام ئێران تەنیا بۆ ماوەیەکی کورتتر لەوە رازییە، هەڵوەشاندنەوەی بنکەکان، ئێران بە توندی داواکاریی ئەمریکای بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی رەت کردووەتەوە و ئامادە نییە پێش هەڵگرتنی گەمارۆکان هیچ گەرەنتییەکی یەکلاکەرەوە لەسەر داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
ئێران لە جیاتی جێبەجێکردنی مەرجە پێشوەختەکانی ئەمریکا، پێشنیازێکی دیکەی خستووەتەڕوو کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان، کردنەوەی پلەبەندیی گەرووی هورمز بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا و هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران بە شێوەیەکی هاوکات.
تاران راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رەت دەکاتەوە
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "تەسنیم"ی راگەیاند، کە ئەو وردەکارییانەی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەبارەی دەقی پێشنیازەکەی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە، لە بەشە هەرە گرنگەکانیدا ناڕاستن و واقیع نین.
ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە ئەو تێبینییانەی رۆژنامە ئەمریکییەکە لە بابەتە ئەتۆمییەکان و ماددە پیتێنراوەکاندا باسی کردوون، بە هیچ شێوەیەک راست نین. تاران وا دیارە ئەو گێڕانەوەیەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رەت دەکاتەوە کە باسی لە سازشی ئێران لەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە کردبوو.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دەقی پێشنیازەکەی ئێران بۆ واشنتن لەسەر ئەم خاڵانە جێگیر بووە:
1. زامنکردنی ئەوەی کە جارێکی تر هیچ جۆرە هێرشێک نەکرێتە سەر خاکی ئێران.
2. ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت "بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە دەستی ئێراندا بێت"، لە بەرانبەردا تاران ئامادەیە هەندێک پابەندی جێبەجێ بکات ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
3. پێویستە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی لێک تێگەیشتنی سەرەتایی، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران کۆتایی پێ بهێنرێت.
4. ئێران داوای کردووە لە ماوەی 30 رۆژدا سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتەکەی هەڵبگیرێن.
5. پێویستە هەموو پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی رێککەوتنەکە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە دەقی پێشنیازەکەی تاران جەخت لەسەر هەڵگرتنی گشتگیرانەی سزاکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنانی جەنگ لە "هەموو بەرەکاندا" دەکاتەوە.
ئەم وەڵامەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگری لە گەڕانەوە بۆ جەنگی سەرتاسەری بەردەوامن، بەڵام سووربوونی ئیدارەی ترەمپ لەسەر "چەککردنی ئەتۆمیی ئێران" و پێداگریی تاران لەسەر پاراستنی ژێرخانەکەی، گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی قورستر کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.