نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا، نرخەکانی نەوت بازدانێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی. ئەمەش دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەڵامەکەی تارانی بۆ ئەو پێشنیازەی واشنتن کە مەبەست لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ، رەتکردەوە.
دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان خستەڕوو، ئێران رۆژی یەکشەممە وەڵامەکەی دایەوە. بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، تاران جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان کردووەتەوە، بەتایبەت لە لوبنان کە تێیدا ئیسرائیل (هاوپەیمانی ئەمریکا) شەڕی چەکدارانی حزبوڵڵا دەکات.
هەروەها داواکارییەکانی ئێران پێکهاتوون لە؛ وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ، چەسپاندنی سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەی هورموزدا، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشاڵ"ەوە وەڵامەکەی ئێرانی رەتکردەوە و نووسیویەتی: "ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە ناویان لێناوە 'نوێنەرانی' ئێران؛ بە هیچ شێوەیەک بەدڵم نەبوو و بە تەواوی ناپەسەندە."
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی %3.17 بەرزبووەوە و گەیشتە 104.50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی خاوی تێکساس (WTI) بە رێژەی %3.21 بەرزبووەوە و گەیشتە 98.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکا رووبەڕووی فشاری زۆر بووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئەوەش لە کاتێکدا کەمتر لە شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ماوە. لە لایەکی دیکەشەوە، هاوپەیمانانی ناتۆ ئامادەییان نیشان نەداوە بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورموز بەبێ رێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ترەمپ بگاتە پەکین و لەگەڵ "شی جین پینگ"ی سەرۆکی چین کۆببێتەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی ئێران و قەیرانی وزە دەبێت، تێیدا ترەمپ فشار دەخاتە سەر چین تاوەکو کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پاڵنانی تاران بەرەو رێککەوتن لەگەڵ واشنتن.