بەڕێوەبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆی کەرکووک بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا
بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق، عەمید محەمەد عەتییە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆ (شئوون) لە کەرکووک، لە پۆستەکەی لادرا و بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان 24ـی راگەیاند: عەمید محەمەد عەتییە ئێستا لە بەغدایە و لە رێکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەر کراوە. ئەم بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەکانی (چیمەن و دارەمان) چاوپۆشی لە هێنانەژوورەوەی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ کردووە، بەتایبەت هێلکە و جگەری بێ مۆڵەت و گومرک، لە بەرانبەردا سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، دۆسیەکە ئەو کاتە پێیزانراوە کە دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بازگەی پردێ دەستگیرکراون، شەش ماستەرکارت و چەند مۆبایلێکیان پێبووە. ئەو کارمەندانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کار بۆ بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ دەکەن و رۆژانە بڕی چوار هەزار دۆلاریان لە بازگەکە بۆ کۆکردووەتەوە.
هەر دوای دەستگیرکردنی کارمەندەکان، عەمید محەمەد عەتییە هێزێکی جوڵاندووە بە مەبەستی رزگارکردنیان، بەڵام ئەم هەوڵە وایکردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری کۆتایی لەسەر لادان و دەستبەسەرکردنی بدات.