خووە رۆژانەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت تووشی مەترسیت دەکەن

شارەزایانی ئاسایشی سایبەر هۆشداری دەدەن ئەو شێوازەی خەڵک رۆژانە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، رەنگە بیانکاتە ئامانجێکی ئاسان بۆ هاککەرەکان.

دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکان، زۆرێک لە بەکارهێنەران بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، خۆیان رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنەوە بەهۆی هەندێک خووی باوەوە، وەک دووبارەکردنەوەی وشەی نهێنی یان پشتگوێخستنی رێکارە سەرەتاییەکانی پاراستن، ئەم رەفتارە سادانە دەرفەت بە قاچاخچییانی ئینتەرنێت دەدەن بۆ بڕینی هەژمارەکان زۆر ئاسانتر لەوەی بەکارهێنەران پێشبینی دەکەن.

بە گوتەی شارەزایان، گەورەترین هەڵە کە بەکارهێنەران دەیکەن، دووبارە بەکارهێنانەوەی هەمان وشەی نهێنییە لە زیاتر لە ماڵپەڕێکدا، ئەگەر زانیارییەکانی یەکێک لەو ماڵپەڕانە دزەی پێ بکرێت، هاککەرەکان دەتوانن هەمان زانیاری لەسەر هەژمارەکانی دیکە تاقی بکەنەوە، وەک ئیمەیڵ یان هەژمارە بانکییەکان.

هەروەها چوونە ناو لینکە باوەڕپێنەکراوەکان یان بەکارهێنانی تۆڕە وایفایە گشتییەکان بەبێ پاراستن، مەترسی دزینی زانیارییە کەسییەکان زیاد دەکات، راپۆرتە ئەمنییەکان روونی دەکەنەوە ئەم هێرشانە هەمیشە پشت بە هاکی ئاڵۆز نابەستن، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا سوود لە هەڵەی مرۆیی وەردەگرن.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە، پاراستن کارێکی ئاڵۆز نییە، گرنگترین هەنگاوە کاریگەرەکان بریتین لە: بەکارهێنانی وشەی نهێنی بەهێز و جیاواز بۆ هەر هەژمارێک، چالاککردنی سەلماندنی دوو قۆناغی (MFA)، بەکارهێنانی بەرنامەکانی بەڕێوەبردنی وشەی نهێنی، دوورکەوتنەوە لە کردنەوەی لینک و فایلە نەناسراوەکان، و نوێکردنەوەی بەردەوامی ئامێر و بەرنامەکان.

لە ئەنجامی زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا، ئاسایشی دیجیتاڵی چیتر تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکی رۆژانەیە، شارەزایان جەخت دەکەنەوە، گۆڕینی هەندێک خووی سادە لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا دەتوانێت ببێتە هۆی پاراستنی زانیارییەکانت و رێگریکردن لە لەدەستدانیان.