وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 12 کەس و کۆمپانیای سەر بە ئێران خستە لیستی سزاکانەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا سەپاند کە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێرانیان داوە بۆ فرۆشتن و گواستنەوەی نەوت بۆ چین. وەزیری گەنجینە رایگەیاند، پڕۆژەی "رقی ئابووری" (Economic Fury) تا وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران بەردەوام دەبێت.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026، بڕیاری سزادانی 12 کەسایەتی و دامەزراوەی دەرکرد. ئەم لایەنانە تۆمەتبارن بەوەی وەک "کۆمپانیای سێبەر" کاریان بۆ سوپای پاسداران کردووە تاوەکو ناسنامەی نەوتی ئێران بشارنەوە و داهاتەکەی بۆ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاران بگڕێننەوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەمبارەیەوە رایگەیاند، "لە کاتێکدا سوپای ئێران بە بێهیواییەوە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات، ئۆپەراسیۆنی (رقی ئابووری) بەردەوام دەبێت لە بێبەشکردنی ئێران لەو بودجەیەی بۆ چەک و تاقمە گرووپە بریکارەکانی تەرخانی دەکات." جەختیشی کردەوە کە واشنتن هەموو ئەو تۆڕە بانکییە سێبەرانە تێکدەشکێنێت کە ئابووریی جیهان دەخەنە مەترسییەوە.
سزاکان سێ بەرپرسی باڵای "بارەگای نەوتی شەهید پورهەعفەری" سەر بە سوپای پاسدارانیان گرتووەتەوە، کە بریتین لە:
ئەحمەد محەمەدی زادە، سەرۆکی بارەگاکە.
سەمەد فەتحی سەلامی، بەرپرسی دارایی.
محەمەد رەزا ئەشرەفی گێهی، بەرپرسی بازرگانی.
هەروەها سزاکان کۆمەڵێک کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی و لۆجیستییان لە هۆنگ کۆنگ، دوبەی، شارقە و عومان گرتووەتەوە، کە لە رێگەی "کەشتیگەلی سێبەر"ەوە ملیۆنەها بەرمیل نەوتی ئێرانیان بۆ چین گواستووەتەوە.
وەزارەتی گەنجینە ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی ئەم ئۆپراسیۆنەدا، توانیویانە دەست بەسەر نیو ملیار دۆلاردا بگرن کە لە شێوەی "دراوی دیجیتاڵی" بووە و پەیوەندی بە تارانەوە هەبووە. واشنتن هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین (ناسراو بە Teapot) کرد کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم تۆڕانە، ئەوانیش رووبەڕووی سزای قورس دەکاتەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە، هەموو سەرمایە و داراییەکانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بلۆک دەکرێن، و هیچ هاووڵاتی یان کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆی نییە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. هەروەها بانکە بیانییەکانیش ئەگەر ئاسانکاری بۆ ئەم لایەنانە بکەن، دەستیان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبڕدرێت.
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ نیشانەی توندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانە هاوشانی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجەکانی واشنتن.