سەرکردەیەکی قەسام هۆکاری بەشدارنەبوونی حەماس لە جەنگی ئێران ئاشکرا دەکات

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی قەسام رایدەگەیەنێت، دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و جەخت لە بەردەوامیی بەرگری لە دژی ئیسرائیل دەکەنەوە. هاوکات هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە جەنگی ئێران ئاشکرا دەکات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، تەیسیر سلێمان، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە) بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، حەماس بزووتنەوەیەکی بەرگرییە و تا داگیرکاری هەبێت بەرگری بەردەوام دەبێت، کات و شێوازی مامەڵەکردنیش لەگەڵ دوژمن خۆیان دیاری دەکەن.

دوای ئەوەی یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە شاری خانیونسی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا؛ ئەنجوومەنێکی چوار کەسی بزووتنەوەکە بەڕێوەدەبەن و تا ئێستا هیچ کەسێکی نوێ وەک سەرۆکی مەکتەب سیاسییەکە هەڵنەبژێردراوە. 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی، ئەو سەرکردەیەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، بزووتنەوەکە خەریکی رێکخستنەوەی ریزەکانیەتی لە دوای کوژرانی سەرکردەکانی و بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لە ئێستادا باشترە ئەنجوومەنێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بەڕێوە ببات بۆ رێگریکردن لە تیرۆرکردنیان، وەک ئەوەی لە رابردوودا رووی داوە.

سەبارەت بە پرسی دانانی چەک، ئەو سەرکردەی حەماس ئاماژەی بەوە دا، ئەوان هیچ مەرجێک بۆ چەکدانان قبووڵ ناکەن، چونکە چەکەکانیان بۆ پاراستنی گەلی فەلەستین و دروستکردنی دەوڵەتە.

 دەربارەی بەشداریکردنیشیان لە جەنگی ئێران، تەیسیری باسی لەوە کرد، حەماس ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە هەموو بەرەکاندا دەجەنگێت و کەسێک لە ناوەندی شەڕدا بێت پرسیاری لێ ناکرێت بۆچی ناجەنگێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرکردەیەی حەماس سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە (لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023)ـەوە تا ئێستا. 

تەیسیر سلێمان یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس و لە ساڵی 1992 بەشدارییەکی کارای هەبووە لە دامەزراندنی کەتیبەکانی عیزەددین قەسسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە.

 لە ساڵی 1993 لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیر کرا و ماوەیەکی زۆر لە زینداندا مایەوە، تاوەکوو لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا لە ساڵی 2011 ئازاد کرا. سلێمان لە کاتی زیندانیکردنیدا یەکێک بووە لە کەسایەتییە نزیکەکانی یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس.