وەزارەتی بەرگری: بیابانی نەجەف بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە

وەزارەتی بەرگریی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە بوونی بنکە و جووڵەی سەربازیی نەناسراو لە بیابانی نەجەف دەکەن. وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات کە ناوچەکە بە تەواوی ئارامە و هیچ جۆرە پێشێلکارییەکی ئەمنی تێدا تۆمار نەکراوە.

سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە ئامادەبوونی سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، بە نوێنەرایەتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا، گەشتێکی مەیدانییان بۆ بیابانی نەجەف ئەنجام دا.

ئامانج لەم سەردانە، بە پێی راگەیەنراوەکە، "لە نزیکەوە ئاگاداربوون بووە لە رەوشی ئەمنیی ناوچەکە و ئاشکراکردنی راستیی ئەو دەنگۆیانەی کە لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بوونی بنکەی سەربازی یان جووڵەی نەناسراو بڵاو بوونەتەوە."

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، فەرماندە ئەمنییەکان جەختیان کردەوە کە، "بیابانی نەجەف لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی تەواوی هێزە عێراقییەکاندایە و هیچ جۆرە چالاکییەک یان دامەزراوەیەکی سەربازیی نەناسراو لە ناوچەکەدا بوونی نییە، وەک ئەوەی لە لایەن هەندێک پەیج و سەکۆی میدیاییەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت."

وەزارەتەکە زیاتر روونی کردووەتەوە، کە لەم گەشتەدا هەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ بڵاوبوونەوەی یەکە ئەمنییەکان و رێکارەکانی پاراستنی بیابانەکە کراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی و قۆستنەوەی پڕوپاگەندەکان بۆ ورووژاندنی رای گشتی.

وەزارەتی بەرگری دووپاتی کردەوە، کە "راستیی مەیدانی دەبێتە پێوەر و یەکلاکەرەوە لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی چەواشەکاری"، هاوکات پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نوێ کردەوە.