ئەگەر هورمز نەکرێتەوە 45 ملیۆن کەس تووشی مەترسیی برسێتی دەبن
خۆرخێ مۆرێرادا سیلوا، راسپێردراوی تایبەتیی رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە جیهان، هۆشداریدا لە درێژەکێشانی داخرانی گەرووی هورمز و ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی.
ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا داخرانی ئەو گەرووە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی پەینی کیمیایی لە جیهاندا گران ببێت و بەهۆیەوە رووبەرێکی فراوان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە پەین بێبەش ببن کە لێکەوتە سەرەکییەکەی کەمبوونەوەی خۆراکە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەگەر دۆخەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا چاک نەکرێت و گەرووەکە نەکرێتەوە ئەوا 45 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی جیهان تووشی برسێتی و قڕی دەبن.
جێی باسە هەر لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ و داخرانی هورمز، رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان بڕیاری دا بە وردی چاودێریی گواستنەوەی پەینی کیمیایی بکات کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە.
ئامانجەکەی رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان ئەوە بووە رێکارێک بۆ گواستنەوەی ئامۆنیاک، گۆگرد و ئورە لە گەرووی هورمز بدۆزێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.