هۆشیار زێباری: پێویستە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە خێرایی پێکبهێنرێت
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێت، عێراق خاوەنی هەموو پێداویستییەکانی گەشەسەندنە بەڵام بەدەست قەیرانی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنێت. هاوکات ئاشکرای دەکات 182 پەرلەمانتاری عێراق بە نیازن فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن و ئەگەر ئەمە رووبدات حکوومەتی عێراق خێرا پێکناهێنرێت.
چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی "دیالۆگی عێراق 2026"، شیکردنەوەیەکی گشتگیری بۆ رەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق، پێگەی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق خستە روو.
لە سەرەتای قسەکانیدا، زێباری جەختی لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی هەرێم کردەوە و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیریی ناوچەکە و نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک."
هاوکات گوتی: "لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران، ژمارەی ئەو هێرشانەی لە لایەن ئێران و میلیشیا عێراقییەکانەوە کرانە سەر هەرێمی کوردستان هاوشێوەیان نەبووە، بەڵام ئەمە دەرخەری ئەوە بوو کە کوردستان و حکوومەتی هەرێم بەشێکن لە ئاسایشی رەهای ناوچەکە، بۆیە توانیمان هاوسەنگی رابگرین و نەبینە بەشێک لەو جەنگە."
سەبارەت بە رۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو قەیرانەدا، ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ستایشی هاوپەیمانانی کرد و روونیکردەوە: "دۆستە ئەمریکییەکانمان یارمەتیدەرمان بوون و دڵنیاییان پێداین کە لەگەڵمان وەستاون، ئەوان بەرگرییان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هەرێمەکەمان کرد و تەنانەت قوربانیشیان دا."
ئاشکراشی کرد کە، "لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو سەربازی فەرەنسی گیانیان لە دەستدا، هاوکات بەریتانییەکانیش زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکەین."
هۆشیار زێباری، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی عێراق بەرەوپێش بڕوات، پێویستی بە سەقامگیریی سیاسییە.
گوتیشی: "لە کاتی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، وڵاتانی کەنداو پێیان وابوو عێراق بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیری نەک تەنیا بۆ خەڵکەکەی خۆی، بەڵکو بۆ دراوسێکانیشی، بە تایبەت کاتێک میلیشیاکان هێرشیان کردە سەر کوەیت، ئیمارات، سعوودیە و ئوردن."
زێباری پرسیاری ئەوەی وروژاند: "ئەو وڵاتانە چۆن جارێکی دیکە متمانە بە عێراق دەدەنەوە و چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی لەو جۆرەدا دروست دەکەنەوە؟ عێراق خودای گەورە هەموو شتێکی پێداوە؛ سامان، جوگرافیا و خەڵکێکی رۆشنبیر، بەڵام ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا نەیبووە، سەرکردایەتییەکی دروست بووە."
سەبارەت بە گۆڕەپانی سیاسیی ئێستای عێراق، زێباری هیوای خواست کە "کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێکبهێنرێت، تەنانەت ئەگەر بەشێکی بچووکیشی بێت"، هەروەها ئومێدی خواست کە "ناکۆکییەکان لە بارەی وەزارەتی نەوت و بابەتەکانی دیکەوە بە خێرایی چارە بکرێن."
بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا لە دواکەوتنی پرۆسەکە بەهۆی هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوەوە و رایگەیاند: "182 پەرلەمانتاری عێراق بەنیازن فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن، ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە حکوومەتی عێراق بە خێرایی پێکناهێنرێت."