سێنتکۆم ئاماری مانگێکی گەمارۆی سەر ئێرانی بڵاو کردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم ) راپۆرتێکی وردی لەسەر مانگی یەکەمی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بڵاو کردەوە، کە تێیدا هێز و توانایەکی یەکجار گەورەی سەربازی بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی تاران بەکارهاتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی سێنتکۆم بڵاوی کردوونەتەوە، ماوەی چوار هەفتەیە ئەمریکا گەمارۆیەکی چڕی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دێنە دەرەوە. ئامانجی ئەم گەمارۆیە بڕینی شا دەماری ئابووریی ئێرانە لە ناو جەرگەی ململانێ سەربازییەکاندا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی گەمارۆکە، ئەمریکا هێزێکی گەورەی لە ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە کە پێکدێت لە زیاتر لە 15,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و چاودێری و 20 کەشتیی جەنگیی گەورە.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:67 کەشتی بازرگانی، دوای هۆشداریی هێزە ئەمریکییەکان، ناچار کراون ئاراستەی خۆیان بگۆڕن و پابەندی گەمارۆکە بن؛ 15 کەشتی مرۆیی، تەنیا ئەو کەشتیانەی هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو، رێگەی تێپەڕبوونیان پێدراوە و چوار کەشتی کە نەیانویستووە پابەندی ڕێنماییەکان بن، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە مەبەست پەکخراون و لە جووڵە وەستێنراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە دراوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، هێزەکانی ئەمریکا دوو کەشتی دیکەی بازرگانییان ناچار بە گەڕانەوە کردووە. دوای ئەوەی کەشتییەکان وەڵامی پەیوەندییە رادیۆییەکانیان نەدابووەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە چەکی سووک "تەقەی هۆشداری"یان بەسەردا کردوون، کە ئەمەش وای کردووە کەشتییەکان دەستبەجێ پاشەکشە بکەن.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت و هێزەکانیان لەو پەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بشکێنێت.