محەمەد تائی: رێککەوتنی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق کراوە
گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە ئاشکرای دەکات، وەک پێکهاتەی سووننە بە نووسراوی فەرمی مەرج و داواکارییەکانیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووە بۆ ئەوەی بخرێتە نێو کارنامەی کابینەی حکوومەتی نوێیەوە. هاوکات محەمەد تائی جەخت لە جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، چارەکردنی پرسی بێسەروشوێنبووان و زیندانیان کردەوە.
چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، محەمەد عەباس تائی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، زانیاریی نوێی لە بارەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پشکی پێکهاتەکان و مەرجەکانی لایەنی سووننە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێدا خستە روو.
لە سەرەتای قسەکانیدا، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە ئاماژەی بە قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنە سیاسییەکان کرد و گوتی: "سەرەتا رێککەوتنێکی دەرەکی کرا و بەدوایدا رێککەوتنێکی ناوخۆییشی لێکەوتەوە، بە جۆرێک تا رادەیەکی زۆر هەموو پرسەکان یەکلا کراونەتەوە بۆ ئەوەی عەلی زەیدی ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق."
سەبارەت بە کاتی متمانەدان بە حکوومەت، محەمەد تائی پێشبینی کرد کە "سبەی حکوومەتەکەی زەیدی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.
هەروەها تائی جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانیی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، بە فەرمی پشتیوانی لە زەیدی دەکات و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت دەربڕیوە.
لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانیشەوە ئاشکرای کرد: "پشکی پێکهاتەی سووننە لەم کابینەیەدا شەش وەزارەت دەبێت، چونکە پێشتر رێککەوتن لەم بارەیەوە کراوە. پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە یەک یان دوو وەزارەتدا بکرێت، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە بدرێتە پێکهاتەی شیعە و لە بەرامبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا بدرێتە سووننە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، محەمەد تائی تیشکی خستە سەر داواکارییە ستراتیژییەکانی پێکهاتەی سووننە و گوتی: "ئێمە چەند داواکارییەکمان بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووە، بۆ ئەوەی بیانکاتە بەشێک لە کارنامەی حکوومەتەکەی."
هەروەها رەخنەی لە ئەزموونی کابینەکانی پێشوو گرت و رایگەیاند: "تێبینیمان کردووە لە کابینەکانی رابردوودا بەشێک لە داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراون، تەنانەت پێمان وایە بەشێک لەو بەڵێنانەی بە پێکهاتەی کوردیش درابوون جێبەجێ نەکراون. بۆیە پێویستە سەرۆکوەزیرانی نوێ تەواوی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە سەرجەم پێکهاتەکان بە کرداری جێبەجێ بکات."
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی سیادە گرنگترین دۆسیەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو دیاریی کرد و جەختی کردەوە: "چاومان لەوەیە لەم کابینەیەدا بڕیاری لێبووردنی گشتی جێبەجێ بکرێت. هەروەها دەبێت بە پەلە پرسی بێسەروشوێنبووان، زیندانییان، جورفسەخەر و گەڕانەوەی ئاوارەکان یەکلا بکرێتەوە.