کرێملن: پووتین بەمزووانە سەردانی چین دەکات
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملنرایگەیاند، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەردانی چین دەکات و وادەی وردی سەردانەکە بەمزووانە ئاشکرا دەکرێت.
پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم سەردانەی ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا بۆ وڵاتی چین تەواو بوون، گوتیشی: "رایدەگەیەنین کە سەردانەکە زۆر نزیکە و هەموو ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە."
هەروەها گوتەبێژی کرملین روونیکردەوە، دیاریکردنی کاتی فەرمی سەردانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی چینی دەبێت.
لە مانگی شوباتی رابردوودا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتی هاوتا رووسییەکەی کردبوو تاوەکو لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـدا سەردانی چین بکات. ئەمەش لە کاتیکدایە دواین سەردانی پووتین بۆ چین لە ماوەی نێوان 31ـی ئاب بۆ 3ـی ئەیلوولی 2025ـدا بوو.