سلێمانی و رانیە.. بەهۆی هەورەبروسکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا
لە دوو رووداوی جیادا لە سلێمانی و سنووری قەزای رانیە، بەهۆی هەورەبروسکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دووانەی تریش بریندار بوون.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی سەرسیان لە نزیک دەربەندی رانیە، هەورەبروسکە لە خێزانێکی چوار کەسیی داوە. بەداخەوە بەهۆی بەهێزی بروسکەکەوە، باوکەکە و یەکێک لە کوڕەکانی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی دیکەی خێزانەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە دایکی خێزانەکە و منداڵێکی تریان بریندار بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان و باری تەندروستییان جێگیرە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، باوکەکە کە ناوی محەممەد خدر و پێشمەرگەیە، لەگەڵ کوڕێکی بە ناوی ئاریزە کە تەمەنی نزیکەی 15 ساڵ بووە و خوێندکار بووە، بەهۆی بەهێزی بروسکەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
کاک باییز، یەکێک لە نزیکەکانی ئەو خێزانە لە بەردەم نەخۆشخانەی رانیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوان وەک هەر هەینییەکی ئاسایی بۆ سەیران و گەشت چوووبوونە دەرەوە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بروسکە لێیانی داوە." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دایکی خێزانەکە و منداڵێکی تەمەن 3 بۆ 4 مانگ لە رووداوەکە رزگاریان بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەن و باری تەندروستییان جێگیرە.
هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: گەنجێکی تەمەن 43 ساڵ لە گوندی هەنارانی خواروو بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبروسکەوە گیانی لەدەستدا.
ئاماژەشی دابوو، تەرمی قوربانییەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گواستراوەتەوە و رێکارە پێویستەکان ئەنجامدران.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی ئەوەی کردبوو کە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بگرێتەوە و هۆشداری دابوو لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.