لە دیالە 4 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە و ٣ ناوچەش کەرەنتین کران
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای دیالە رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە گەیشتووەتە 4 کەس، هاوکات نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری جەختی لە گرتنەبەری رێکاری پێویست کردەوە لە پارێزگاکەدا.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی تەندروستی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، لە دیالە یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوونی لە ناوچەی 'غالیبیە' نزیکەی 3 مانگ لەمەوبەر تۆمار کرا و دواتر چاکبووەوە، بەڵام لە چەند رۆژ و هەفتەی رابردوودا 3 تووشبووی نوێ لە ناوچەکانی خان بەنی سەعد، شاردەێی عوزێم و عەبارە تۆمار کراون."
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: "لە کۆی ئەو 4 حاڵەتەی تۆمار کراون، 3 کەسیان چاکبوونەتەوە و تەنیا یەک تووشبوو هێشتا بە تەواوی چاکنەبووەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد تەمیمی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە پارێزگای دیالە رایگەیاند: "تیمەکانی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە ئێستادا کەرەنتینەی خۆپارێزییان بەسەر ناوچەکانی خان بەنی سەعد، عوزێم و عەبارەدا سەپاندووە و رێگری لە چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەی مەڕو ماڵات دەکەن، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوەندەی نەخۆشییەکەی پێ دەگوازرێتەوە."
تەمیمی روونیکردەوە، نەخۆشخانەکە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ ژنانی ماڵەوە و هاووڵاتییان لە گوند و لادێکاندا ئەنجام دەدات، جگە لە هۆشیارکردنەوەی قەسابەکان بۆ گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەرەنتینەی خۆپارێزی بە دووری 14 کیلۆمەتر لە دەوری هەر شوێنێک دەسەپێنرێت کە تووشبووی تێدا بێت، هەروەها گوتی، کەرەنتینە لەسەر ناوچەی غالیبیە هەڵگیراوە و بارودۆخەکە لە ناوچەکانی دیکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.