كریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییەكانی مۆندیال بۆ وڵاتەكەی دەكاتە خۆرایی
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە نیازە لە ڕێگەی کڕینی بەشێک لە پشکەکانی تۆڕێکی ئینتەرنێت، کە یارییەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە مۆندیال بە شێوەیەکی خۆڕایی و بێبەرامبەر لە ڕێگەی یووتیوبەوە بۆ هاندەران پەخش بکات، ئەمەش وەکو بەشێکی دیکەیە لە پرۆژە وەبەرهێنانەکانی.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ڕایگەیاندووە بەشێک لە پشکەکانی تۆڕی لایڤمۆد تیڤی بەڕازیلی کڕیوەتەوە کە تۆڕێکی نێودەوڵەتییە و لە بواری پەخشی ڕاستەوخۆی ئۆنلاینی یارییە وەرزشییەکاندا کار دەکات.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە کە ئامانجی ئەم پڕۆژەیەی رۆناڵدۆ، گەیاندنی وەرزشە بە هەموو خەڵک. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەم کۆمەڵەیە بە نیازە بە تیشکخستنە سەر یووتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کارلێکی زیاتر لەگەڵ بینەراندا دروست بکات و ڕووماڵکردنی یارییەکان بۆ ژمارەیەکی زیاتری بەکارهێنەران بەردەست بکات.
ئەم وەبەرهێنانە وەک بەشێک لە کار و پلانی ڕۆناڵدۆ بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی لە دەرەوەی یاریگای تۆپی پێ ئەژمار دەکرێت. ئەم ئەستێرە 41 ساڵانەی پورتوگال، پێشتریش براندی "CR7"ـی لە بوارەکانی پۆشاک، هۆتێلداری، لەشجوانی و میدیادا پەرە پێدابوو.
وردەکارییە داراییەکانی ئەم گرێبەستە و ڕێژەی پشکە کڕدراوەکانی ڕۆناڵدۆ هێشتا بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام ئەو لەو پڕۆژەیەدا ئامانجی گەشەپێدانی چالاکییەکانی ئەم تۆڕەیە لە دەرەوەی وڵاتی بەڕازیل.
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتنە ڕێک پێش مۆندیالی 2026 ئەنجام دراوە، کە بڕیارە بۆ یەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوە بچێت. بەم شێوەیە تۆڕی میدیایی "لایڤمۆد تیڤی" بەرپرس دەبێت لە پەخشی خۆڕایی یارییەکانی هەڵبژاردەی پورتوگال لە ڕێگەی یووتیوبەوە لە ناوخۆی پۆرتوگال.