رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت

بڕیارە رێژەی بێکاری و هێزی کار لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی رووپێوییەکی مەیدانیی نوێوە دیاری بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی رووپێوی هێزی کار لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش لە کۆتایی مانگی داهاتوودا پڕۆسەی مەیدانی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەستپێدەکات.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە دا، رووپێوەکە خێزانییە و گشتگیرە، واتە سەردانی خێزانەکان دەکرێت و پرسیار لە ئەندامانی خێزانەکان دەکرێت، هەروەها پڕۆسەکە شوێن، کارگە و کۆمپانیا بازرگانییەکان ناگرێتەوە.

سیروان محەممەد روونیشی کردەوە، کاری مەیدانیی پڕۆسەکە یەک مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئامادەکارییەکانی پێش کاری مەیدانی و قۆناغەکانی دوای کاری مەیدانی کاتێکی زۆریان پێویستە، پێشبینیش دەکرێت بەر لە کۆتایی ساڵ رێژەی نوێی بێکاری دەربچێت.

ئەوەشی خستە روو، پڕۆسەکە لەگەڵ دەستەی ئامار و رێکخراوی کاری جیهانی بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوەی دوایین رووپێوی هاوشێوە لە ساڵی 2021دا کراوە، دامەزراوەکانیان پشت بە پێشبینی نابەستن، بەڵکوو لە رێگەی رێکاری زانستییەوە رێژەی راستەقینەی بێکاری دیاری دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانیش کە لە دوایین رووپێوی لە عێراقدا کراوە، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 14.97%. ئامانج لەم جۆرە رووپێوانە کۆکردنەوەی داتای دروستە لەسەر رەخساندنی هەلی کار و رێژەی بێکاریی گەنجان، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت لەسەر بنەمای زانیاریی دروست بڕیار لەسەر پرۆژە و سیاسەتە ئابوورییەکانی بدات.