هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە

ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، عێراق لە پلەی شەشەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی زۆرترین نەوتی خاویان لە هەفتەی رابردوودا بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە.

یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، بەپێی ئەو داتایانەی ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا زیادی کردووە و گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە هەفتەی پێشتردا تەنیا 76 هەزار بەرمیل بووە، ئەمەش بەواتای زیادبوونی 24 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و گەشەکردن بە رێژەی 31.6% دێت.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کەنەدا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکار دێت بە 4.067 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە دوای ئەویش فەنزوێلا بە 588 هەزار بەرمیل، پاشان کۆڵۆمبیا بە 164 هەزار بەرمیل، و سعوودیە لە پلەی چوارەم بە 154 هەزار بەرمیل دێن.

هەر بەپێی ئامارەکان، بەرازیل لە پلەی پێنجەمدایە بە 109 هەزار بەرمیل، و عێراق بە پلەی شەشەم دێت کە پێش نێجیریا بە 87 هەزار بەرمیل، مەکسیک 71 هەزار بەرمیل و ئیکوادۆر 64 هەزار بەرمیل کەوتووە، لە کاتێکدا لیبیا لەم ماوەیەدا هیچ بڕە نەوتێکی بۆ ئەمریکا هەناردە نەکردووە.