گوتەبێژی گەشتوگوزاری عێراق: بەغدا و هەولێر پێکەوە کەرتی گەشتوگوزار پێش دەخەن
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ئاشکرای کرد حەوت گوندی وڵاتەکەیان بۆ پێشبڕکێی باشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاندید کردووە. جەختیش دەکاتەوە، بەغدا و هەولێر پێکەوە کار بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، هەماهەنگییەکی بەردەوام لەسەر بەرزترین ئاست لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستاندا هەیە.
عەلی یاسین دووپاتی کردەوە، ئەم هاوکارییە ئەرێنییە بۆ بەرژەوەندیی گشتییە و بنەمای سەرەکیی پەرەپێدانی کەرتێکی گەشتیاریی گەشەسەندوو و رکابەرە لە عێراقدا.
لەبارەی کاندیدکردنی حەوت گوندی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵاتێکی جیهانی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار روونیکردەوە، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی 100 گوندی گەشتیاری وەک باشترین گوندەکانی جیهان، دەستەکەیان دۆسیەیەکی گشتگیر و تۆکمەی ئامادە کردووە. ئەمەش بۆ سەرکەوتنی یەکێک لە گوندەکانی عێراقە لەم پێشبڕکێیەدا و هاندانی گەشتوگوزاری گوندنشینی و پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی و سەوزە.
عەلی یاسین ئاماژەی بەوە کرد، حەوت گوندیان کاندید کردووە و ئەمەش بەرزترین ژمارەی رێگەپێدراوە بۆ هەر وڵاتێک. لەم ژمارەیە سێ گوندیان لە هەرێمی کوردستانن و بریتین لە بیارە لە هەڵەبجە، هرۆر لە دهۆک و رواندز لە هەولێر. هاوکات چوار گوندەکەی تریش بریتین لە گوندێکی مووسڵ، گوندێکی کەربەلا، گوندێکی زیقار و گوندێکیش لە پارێزگای واسیت.
گوتەبێژەکە روونیشی کردەوە، ئامانج و پەیامی سەرەکییان ناساندنی کولتوور و کەلەپووری عێراق و هەرێمی کوردستانە بە جیهان و خستنەڕووی بنەما گەشتیارییەکانە. بەتایبەتی لە بواری گەشتوگوزاری گوندنشینی و ژینگەیی بۆ پاراستنی سروشت و جێبەجێکردنی چەمکی بەردەوامی لە هەموو روویەکەوە. بەردەوامی لەم کەرتەدا واتە گەیاندنی شارستانییەت و پێشکەوتن و تەکنەلۆجیا بۆ ناوچە شوێنەواری و کەلەپوورییەکان بەبێ گەیاندنی زیان بە رەسەنایەتیی شوێنەکان.
عەلی یاسین ئەوەشی خستە روو، یەکێکی تر لە پێوەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنی ئەم گوندانە هاندانی کۆمەڵگەی ناوخۆییە بۆ کارکردن لە کەرتی گەشتوگوزاردا. بەشداریکردنی خەڵکی گوندەکان لە رێگەی دروستکردنی دیاریی یادگاری و کارکردن وەک رێبەری گەشتیاری خاڵێکی بنەڕەتییە، لەبەرئەوەی هەر گەشتوگوزارێک کۆمەڵگەی ناوخۆیی تێدا بەشدار نەبێت، نابێتە گەشتوگوزارێکی بەردەوام و سەرکەوتوو.
سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی پرۆسەکە، گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە دا، ئامانجیان تەنیا بردنەوەی نازناوەکە نییە، بەڵکوو دەیانەوێت تا ئەوپەڕی توانا هانی سەرجەم گوندە گەشتیارییەکان بدەن بۆ جێبەجێکردنی پێوەرەکانی بەردەوامی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان. هەر گوندێک ببێتە براوە، دەبێتە جێی سەرنجی رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی و لە ماڵپەڕەکانی ئەو رێکخراوەدا لە 160 وڵاتدا ریكلامی بۆ دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەکەیان ئامادەیە تەواوی ئەزموون و پێداویستییە تەکنیکی و لۆجیستییەکان پێشکەش بە گوندەکان بکات.