بە درۆن هێرش کرایە سەر ئیمارات

وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە
وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە

نووسینگەی راگەیاندنی ئەبووزەبی ئاشکرای کرد، ئاگرێک لە مۆلیدەیەکی کارەبا لە دەرەوەی وێستگەی ئەتۆمیی "بەرەکە" بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە کەوتووەتەوە، بەڵام توانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان کاریگەرییەکی تیشکی لێ بکەوێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی ئەبووزەبی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئاگرێک کردووە لە مۆلیدەیەکی کارەبا لە دەرەوەی چوارچێوەی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی "بەرەکە" کەوتووەتەوە.

نووسینگەکە ئاماژەی بەوە دا، ئاگرەکە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە بووە، بەڵام هیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر ئاستەکانی سەلامەتیی تیشکی نەبووە.

نووسینگەکە روونی نەکردووەتەوە، کێ هێرشەکەی کردووە و تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 

لە لایەکی دیکەوە دەستەی فیدراڵیی چاودێریی ئەتۆمی لە ئیمارات روونیشی کردەوە، ئاگرەکە بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی نەکردووەتە سەر سەلامەتیی وێستگەکە یان سیستەمەکانی ناوەوەی، بەڵکوو رەوشەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بەرەکە یەکەمین وێستگەی وزەی ئەتۆمییە لە ئیمارات و جیهانی عەرەبی و دەکەوێتە ناوچەی زەفرە لە میرنشینی ئەبووزەبی. ئەم وێستگەیە لە چوار کارلێکەری ئەتۆمی پێکدێت و بە ئامانجی دابینکردنی سەدا 25ی پێداویستییەکانی کارەبای وڵاتەکە بەبێ دەردانی کاربۆن دروست کراوە.