بازرگانێکی کورد: نرخی خۆراک لە بەریتانیا نزیکەی 50% گران بووە

بەریتانیا لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی گرانبوونی نرخەکاندایە

لە بەریتانیا نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان ریکۆردێکی مێژوویی شکاندووە، بە هۆی تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکانەوە نرخەکان بەرێژەی نزیکەی %50 بەرز بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی دانیشتووان..

بۆ زانینی ئاستی بەرزبوونەوەی نرخەکان، کوردستان24 سەردانی چەند بازاڕ و چێشتخانەیەکی لەندەنی کرد. هەمەوەند رەجەب، بازرگانێکی کوردە و ماوەی نزیکەی 25 ساڵە خاوەنی فرۆشگا و چێشتخانەی گەورەیە لە بەریتانیا، جیاوازییەکی زۆر لە نرخەکانی جاران و ئێستادا دەبینێت.

بە پێی گوتەی ئەو بازرگانە کوردە، گۆڕانکاری لە نرخەکان بەم شێوەیەی لێهاتووە:

- دۆشاوی تەماتە: چەند مانگێک پێش ئێستا بە 99 پێنس بوو، ئێستا بووەتە دوو پاوەند و 39 پێنس.

- هێلکە: سینییەک هێلکە بە دوو پاوەند و 50 پێنس بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە حەوت پاوەند.

- گۆشتی ئاژەڵ: کیلۆی بە هەشت پاوەند بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 13 پاوەند و 99 پێنس.

- گۆشتی شاورمە: کیلۆی بە چوار پاوەند بوو، ئێستا بووەتە شەش پاوەند.

 

هەمەوەند رەجەب هۆکاری ئەم گرانبوونە خێرایەی بازاڕ دەگەڕێنێتەوە بۆ جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و دۆخی ئێستای ناوچەکەم ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو جەنگە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەوروپا داناوە و بازاڕی زۆر لاواز کردووەتەوە، جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ ساڵانی رابردوودا دەبینرێت."

هارۆت ویڵیەس ئافرەتێکی بەریتانییە و ئارەزوویەکی زۆری بۆ خواردنی کوردی هەیە بە هۆی ئەوەی تا رادەیەک هەرزانترە، بۆ کوردستان24 روونیشی کردەوە، "هەموو شتێک گران بووە، غاز، کارەبا و خواردن، ئەمەش نەک تەنیا بۆ من، بگرە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک داناوە."