بۆ یەکەم جار نوێنەری تایبەتی ترەمپ بە سەردانێک گەیشتە دوورگەی گرینلاند
بۆ یەکەم جار جێف لاندری، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ گرینلاند، بە سەردانێکی چەند رۆژە گەیشتە دوورگەکە.
رۆژنامەی "سێرمیتسیاک" بڵاویکردەوە، لاندری لەگەڵ شاندێکی 10 کەسی گەیشتووەتە دوورگەکە، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە باڵیۆزی ئەمریکا لە دانیمارک سەردانی گرینلاند بکات.
بڕیارە سبەی سێشەممە و چوارشەممە، لاندری حاکمی ویلایەتی لویزانا بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری "داهاتووی گرینلاند" لە نیووکی پایتەخت بکات، کە وەبەرهێنەران و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی بازرگانی کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دانیمارک، باڵیۆز و لاندری لەگەڵ بەشێکی زۆری دانیشتوانی گرینلاند کۆدەبنەوە بۆ گوێگرتن و داواکارییەکانیان بە ئامانجی فراوانکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان و زیادکردنی لێکگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و گرینلاند.
دۆناڵد ترەمپ لە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، لاندری وەک نێردەی تایبەتی خۆی لە گرینلاند دەستنیشان کرد.
هەروەها پێشتر ترەمپ لە هەڕەشەکانی بۆ لکاندنی گرینلاند بە ئەمریکا پاشەکشەی کردووە، دوای ئەوە کۆپنهاگن و نووک یەکەم کۆبوونەوەیان لە واشنتن ئەنجامدا .
ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە گرینلاند پێویستییەکی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ ئەمریکا و ئەگەر ئەمریکا دەستی بەسەردا نەگرێت، ئەوا دەکەوێتە دەستی چین یان رووسیا .
سێشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند، جێنس فرێدریک نیڵسن رایگەیاند، لە دانوستانەکانی نێوان گرینلاند و دانیمارک و ئەمریکا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.