کارەبای شەقڵاوە دەکرێتە 24 کاتژمێری

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە، پرۆژەی رووناکی بگەیەنرێتە قەزای شەقڵاوە و کارەبای ماڵان و شوێنە بازرگانییەکانی دەکرێتە 24 كاتژمێری.

سوارە ئەکرەم، قائیمقامی قەزای شەقڵاوە تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ "تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی کارکردنن بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی ناوچەکە، بە گوێرەی 
پلان بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە کارەکانی ئەو تیمانە بە تەواوی کۆتایی بێت و دانیشتووانی شەقلاوەش لە کارەبای 24 کاتژمێری."

گوتیشی: "بەم هەنگاوەش، پڕۆژەی رووناکی لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ زیاتر لە 10 هەزار هاوبەشی کارەبا و 40 هەزار دانیشتوو لە سنووری قەزای شەقڵاوە دەستەبەر دەکات." 

جگە لە ناوەندیی شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، سەرجەم ئەو شار و شارۆچکانەی کە کارەبای 24 کاتژمیرییان پێگەیشتووە بریتییە، لە ئاکرێ، سێمێل، پیرمام، راپەڕین، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاخۆ، کۆیە.

هەروەها بەگوێرەی دواین داتا فەرمییەکانی پڕۆژەی رووناکی، هەروەها تا ئێستا 5 ملیۆن و 500 هەزار  هاووڵاتی لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکان سوودمەند بوون لە کارەبای 24 کاتژمێری. هەروەها پڕۆژەکە تەنیا ماڵانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو 153 هەزار موڵکی بازرگانی ئێستا خاوەنی کارەبای بەردەوامن، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر جوڵەی ئابووری دروست کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو هاوبەشانەی بە فەرمی لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون گەیشتووەتە زیاتر لە600 هەزار هاوبەش. هەروەها یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکان، کوژانەوەی زیاتر لە5 هەزار و 900 مۆلیدەی ئەهلی، کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تشرینی دووەمی 2024 پڕۆژەی "رووناکی" وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام راگەیاند، دواتر لە ئایاری رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.

ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ئەوەیە کە تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنرێتە سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان، کە ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون.