هێمن هادیە سوور.. 49 رۆژ ئەشکەنجەی دڕندانە و بەرگری لە کەرامەت
هێمن هادیە سوور، یەکێک لەو کەسانەی کە دوای رووداوە چەکدارییەکانی گەڕەکی لالەزاری شاری سلێمانی لە 22ی ئابی 2025 دەستگیرکرا، چیرۆکی 49 رۆژ زیندانیکردنی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە کە پڕ بووە لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی "دڕندانە". ئەو باس لەوە دەکات، چۆن تا لێواری مەرگ براوە، تەنها لەبەر ئەوەی رەتی کردووەتەوە کۆدی مۆبایلەکەی بداتە لێکۆڵەرەکان.
چیرۆکی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی
هێمن هادیە سوور لە هەڤپەیڤنێکی تایبەتدا لەگەڵ کۆڤان عزەت، پێشکەشکاری کوردستان24، ئاشکرای کرد، شەوی 22 لەسەر 23ی ئاب لە بازگەی مێرگەپان-سلێمانی لەلایەن هێزێکی هەواڵگرییەوە دەستگیرکراوە. دەڵێت: "لەسەرەتاوە نەمدەزانی لەسەر چی دەستگیرکراوم، بەڵام کە بردیانمە شوێنی لێکۆڵینەوە، پێیان وتم بە ماددەی 2ی تیرۆر گیراویت."
ئەوەی چیرۆکی هێمن دەکاتە تراژیدیایەک، ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیەیە کە رووبەڕووی بووەتەوە. ئەو گوتی، "بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، نامرۆڤانە و دوور لە ئەتەکیەتی مامەڵەکردن ئەشکەنجە درام،". ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا داوای کۆدی مۆبایلەکەیان لێکردووە.
ئەو لەبارەی جۆری ئەشکەنجەکانەوە گوتی: "لێدان هەتا ئاستی ئێسقان شکان، پەراسووشکان، قاچ شکان، شەویلگە و چەناگە، عەزەبدانی جەستە، کارەبالێدان و سووکایەتی دەروونی." جەختی لەوە کردەوە، زۆربەی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر خراپیی باری تەندروستیی ئەو بڵاوکرابوونەوە راست بوون، تەنها ئەوە نەبێت کە یەک قاچی شکابوو نەک هەردووکی.
هێمن باس لە ساتێکی ترسناک دەکات کە لێکۆڵەرەکان هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە: "وتیان بیکوژن. بڕوام پێبکە وامزانی نیادایان لە بەهەشتەوە بۆ هێناوم، خوا خوام بوو بمکوژن تا رزگارم بێ لەو ئیهانە و لێدانە."
یەکێک لە دڕندانەترین کارەکان، بە گوتەی خۆی، ئەوە بووە بە ئەنقەست پەراسوویان شکاندووە بۆ ئەوەی ئازاری لە کاتی هەڵواسیندا زیاتر بێت. هەروەها بەهۆی لێدانی بەردەوام لەسەر ورگی، تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە و ناچارکراوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
بەرگریی لە کەرامەت
سەرەڕای هەموو ئازارەکان، هێمن کۆدی مۆبایلەکەی نەداوە. ئەو دەڵێت "ئەوەی ئەوان لەسەریان بوو کردیان، بەڵام بە ئوسوڵ و رەوشتی خۆیان. منیش ئەوەی لەسەرم بوو بۆ پاراستنی حورمەتی خۆم، کردم بە ئوسوڵ و رەوشتی خۆم." ئەو روونی دەکاتەوە، لە یەکەم ساتەوە بڕیاری داوە نەشکێت و بەرەنگاری ئەو "زوڵم و ستەمە" ببێتەوە، چونکە پاراستنی نهێنی مۆبایلەکەی وەک پاراستنی سادەترین مافی مرۆڤ بینیوە.
رزگارکردنی براکەی و هۆکاری دەستگیرکردنی
هێمن هادیە سوور ئاشکرای دەکات، براکەی، هاوژین، لە شەوی رووداوەکەی لالەزاردا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بووە. دوای ئاگاداربوونەوەی، هێمن رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە رزگارکردنی براکەی لەو ناوچەیەی کە گەمارۆ درابوو. ئەو دەڵێت، "بە شانازییەوە، من هاوژینی برامم رزگار کرد." لەبارەی ئەوەی، رزگارکردنی براکەی بووەتە هۆی زۆر ئەشکەنجەدانی؟ باسی لەوە کرد، تا ئێستاش نازانێت هۆکاری راستەقینەی گرتنەکەی چی بووە.
رەتکردنەوەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
هێمن بە توندی ئەو راپۆرتانە رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن گیراوانی لالەزار ئەشکەنجە نەدراون، گوتی، "ئەو کاتەی بەڕێزێک لە تەلەفزیۆنەوە دەیوت کەس ئازار نەدراوە، من نەمدەتوانی لەبەر ئازار راست بمەوە و بە قەسەبە ئاویان پێ دەدام."
زانیاریی نوێ لەسەر قوربانییەکانی شەڕی لالەزار
هێمن ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێزە ئەمنییەکان لە شەڕی لالەزاردا زۆر زیاترە لەوەی راگەیەندراوە. "بریندار سەرووی 200 کەسە و کوژراویش زۆرە. من تا 38 کوژراوم بیستووە."
هەروەها چیرۆکی گەنجێکی ئازا بە ناوی "شێخ رێکار" دەگێڕێتەوە کە لە شەڕەکەدا بە قارەمانێتی بەرگری کردووە و دواجار بە قەناس و درۆن کوژراوە و بەوهۆیەوە تەرمەکەی سووتاوە.
ئازادکردن و ژیانی دوای زیندانیی
دوای 49 رۆژ، هێمن بەبێ دادگاییکردن و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی، نامەیەک بۆ لاهور شێخ جەنگی لە فەیسبووک بڵاو دەکاتەوە بە ناونیشانی "هاوڕێی نیوەی رێگات نیم،" کە دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی تر لەلایەن ئاسایشەوە بانگ بکرێتەوە.
هێمن دووپاتی کردەوە، جارێکی دیکە لەوێ بە ئازایەتییەوە رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی بووەتەوە و پێیان گوتووە، "ئەتوانن بمگرن، بمکوژن، جارێکی تر هەموو گیانم بشکێننەوە، بەس ناتوانن ئیرادەم بشکێنن."
هێمن هادیە سوور ئێستا شاری سلێمانی جێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێیە.
سەرەتای رووداوەکە
شەوی 22ی ئابی 2025، گرژییەکانی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە لوتکە کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی بەمەبەستی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و سەرۆکی ئێستای "بەرەی گەل".
ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی پێکدادانێکی چەکداریی چەند کاتژمێری کە کوژران و برینداربوونی چەندین کەسی لە هەردوولا لێکەوتەوە. دەزگای ئاسایش رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی بووە. دوای کۆنترۆڵکردنی بارەگاکە، لاهور شێخ جەنگی و چەندین لایەنگری دەستگیرکران و رەشبگیرییەک دەستیپێکرد بۆ گرتنی ئەوانەی پەیوەندییان بەو رووداوەوە هەبوو.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
🎤 پێشکەشکار: لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵتان دەبم، چیرۆکێکی زۆر جیاوازمان بیست لەسەر لالەزار، لەسەر 22ـی ئاب، بەڵام من ئێستا چیرۆکێکی زۆر جیاوازترم لەلایە. کەسێکم لەگەڵە لەم گفتوگۆیە تایبەتە، لەدوای رووداوەکانی لالەزار لەکاتی رەشبگیرییەکەیدا دەستگیرکراوە. بۆچی دەستگیرکراوە؟ هۆکارەکەی چی بووە؟ لە کوێ دەستگیرکراوە؟ ئێستا لە کوێیە؟ وە لە سجن چی بەسەرهاتووە؟ بەر لە گفتوگۆکە هەندێکی بۆ من باسکردووە بەراستی تراژیدیایە، جا پێمخۆشە ئێوەی بینەر و بیسەریش بزانن کە چی روویداوە لە 22ـی ئابدا. میوانەکەم هێمن هادیە سوورە، یەکێک لە گیراوانی رەشبگیرییەکەی دوای رووداوەکانی لالەزارە. کاک هێمن بەخێربێیت.
👤 هێمن هادیە سوور: زۆر سوپاستان دەکەم.
🎤 پێشکەشکار: تۆ لەدوای رووداوەکانی لالەزار دەستگیرکرای. شەوەکەی دەستگیرنەکرای، وابزانم شەوی دواتر بوو دەستگیرکرای. لە کوێ دەستگیرکرای؟ و بۆچی دەستگیریانکردی؟ هۆکارەکەی چی بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: لەسەرەتاوە من سپاستان دەکەم، سپاس بۆ میواندارییەکەتان. شەوی 22ی 8 (22 لەسەر 23ی 8) دوای دەستگیرکردنی کاک لاهور و هاوڕێکانی، لە بازگەی ئاسایشی مێرگەپان-سلێمانی دەستگیرکرام. لەسەرەتاوە من نەمدەزانی لەسەر چی دەستگیرکراوم، راستەوخۆ کە بردیانمە شوێنی لێکۆڵینەوە کە نامەوێ شوێنەکە بڵێم.
🎤 پێشکەشکار: باشە.
👤 هێمن هادیە سوور: پرسیارم کرد لەسەر چی منتان گرتووە؟ وتیان ماددەی 2ی تیرۆر! وشەی تیرۆر بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بەو کتوپڕە و بەو لەناکاوە، تۆزێ ئەستەمە ئیستیعابی بکەی. بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێکی کە بکەن لەسەر کۆدی مۆبایلەکە، بە چەند سەعاتێک دەتوانم بڵێم تا لێواری مەرگیان هێنام.
🎤 پێشکەشکار: ئەشکەنجە درای؟
👤 هێمن هادیە سوور: بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، نامرۆڤانە، و دوور لە ئەتەکیەتی مامەڵەکردن.
🎤 پێشکەشکار: خۆشت نەتدەزانی هۆکارەکەی چییە؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەمدەزانی. هەرچەندە باسم دەکرد و پرسیارم دەکرد هیچم پێ نەدەوترا، تەنها کۆدی مۆبایلەکەیان دەویست.
🎤 پێشکەشکار: بۆچی کۆدی مۆبایلەکەت؟
👤 هێمن هادیە سوور: ئەگەر بمبووری، من نامەوێ بچمە وردەکاریی ئەو بابەتە چۆن لێیان داوم و چییان کردووە، چونکە تائێستا ئاسەواری لەسەر دەروونم هەیە، بەراستی پێتبڵێم.
🎤 پێشکەشکار: باشە.
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵام ئەوە هەیە ئەوە بڵێم؛ لێدان هەتا ئاستی ئێسقان شکان، هەتا ئاستی ئەوەی کە تۆ دووچاری نەشتەرگەری بکرێیتەوە، چەند جارێک لە زیندانەوە بەرەو رێی خەستەخانە بچی. پەراسووشکان، قاش شکان، شەویلگە و چەناگە، عەزەبدانی جەستە و عەزەبدانی چاو، کارەبالێدان و راست و چەپکردن و ئەم جۆرە شتانە ئاسان نییە، وەک پێتدەڵێم ئاسەواری لێدانەکانم ماوە.
🎤 پێشکەشکار: یانی ئەمانە هەمووی بەسەرهاتووە؟ تا ئێسقان شکان و ئەمانە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ. پێم وایە لە سۆشیاڵ میدیا زۆر شت باسکرابوو لەسەر وەزعی من و باری تەندروستیم لەوکاتەدا، تەنها یەک شتی زیادە بوو کە وتیان هەردوو قاچی شکاوە، لەکاتێکدا یەک قاچم شکابوو. ئەگینا هەموو ئەوانەی کە باسکرابوو راستە. نامەوێت بچمە وردەکاری بابەتەکە، چونکە پێش ئەوەی ئازادبکرێم بەڵێنامەیەکی دەستیان ئامادەکردبوو، پەنجەمۆر و ئیمزام کردووە کە نابێ باسی وردەکارییەکان بکەم ئەگینا تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی دەبمەوە. هەرچەندە راستە ئەمە جۆرێکە لە
زەوتکردنی ماف.
🎤 پێشکەشکار: باشە لەوێ چییان لێ دەویستی؟ تەنها کۆدی مۆبایل؟ بۆچی مۆبایلەکەت چی تێدابوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: نازانم ئەوان بەدوای چییەوە بوون بەراستی. ئەو پرسیارە دەبێ ئەوان خۆیان وەڵامی بدەنەوە.
🎤 پێشکەشکار: پێیان نەوتی ئەوان چییان دەوێت؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەخێر. هیچی وایان نەوت وەکو ئەوەی بڵێن چیت لە مۆبایلەکەت هەیە و پرسیاریان لەسەر کردبێ، نەخێر. بەڵام من خۆم ئەموت. بۆ ئەوەی رێگەیان پێنەهێڵمەوە کە ئەوەندە لەسەر کۆدی مۆبایلەکە بڕۆن، پێموتن ئێوە منتان لەسەر رێگەی کاک مەلا بەختیار گرتووە، میوانی ئەو بووم. کاک مەلا بەختیار لەسەر تەلەفزیۆن بەروونی و بەئاشکرایی دەڵێ من بافڵم بەسەرۆکی خۆم قبوڵ نییە. یان ئەوەتا تۆ لەگەڵ کاک فەرەیدون و کاک سالار و ئەمانە دەرکەوتووی، وتم باشە خۆ بۆچوونی ئەوانیش دەزانن، ئەوانیش لەسەر تەلەفزیۆن بەشێوەی خۆیان قسەیان کردووە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە، ئەمە تەوەجوهی سیاسیی منە. من لەبەرئەوەی کەسێکی سەربازی نیم، کەسێکی هەواڵگری نیم، ناتوانم دژایەتی بکەم و دژایەتیشم نەکردووە.
🎤 پێشکەشکار: ئاخیریش (کۆدەکە)ت بۆ نەکردنەوە؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەمکردەوە.
🎤 پێشکەشکار: سەرەڕای هەموو ئەشکەنجەکان؟ ئەشکەنجەی گیانی و ئەشکەنجەی دەروونیت بۆ نەکردنەوە؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەخێر.
🎤 پێشکەشکار: چەند رۆژ لە سجن مایتەوە؟
👤 هێمن هادیە سوور: 49 رۆژ.
🎤 پێشکەشکار: ئەم 49 رۆژە چۆن بەسەربرد؟ هەموو رۆژێ بەو شێوەیە ئەشکەنجەدان و لێدان بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەشی ئەوەم پێ نەما هەموو رۆژێ لێمبدەن، چونکە حیسابی خۆت بکە ئەگەر لێیان بدامایە دەمردم.
🎤 پێشکەشکار: یانی گەیشتبوویە سەر لێواری مردن؟
👤 هێمن هادیە سوور: موبالەغە ناکەم کە وابڵێم. ئەو بەڕێزانەی کە لێی بوون کە من قەرزاریانم، زۆر یارمەتییان دام تابمتوانم بژیم. حەزدەکەم لێرە من وەکو دەرفەتێک بقۆزمەوە، ئەگەر نەچمە قووڵایی بابەتەکەشەوە، سپاسیان بکەم؛ کاک دڵشادی نەجدە بەو سەرە سپییەوە، یەعنی تەریق دەبوومەوە، شەرمم لە خۆم دەکرد، دەهاتە ژێر باڵم تا من بچم دەسنوێژ هەڵبگرم، کاک رێبازی شەخسی، کاک یادگاری حەرەکات، کاک سدیقی سۆفی مەجید. بەستەزمانە چەند جارێک لە شەڕدا بریندار بووە و پێشمەرگەی کۆنی یەکێتییە و ئەویش لەوێ سجن بوو، بەو تەمەنەوە خزمەتی دەکردم. لێرەوە سوپاسیان دەکەم.
🎤 پێشکەشکار: باشە. دوو شت لای من پرسیارە، کێ بوون ئەوانەی تۆیان دەستگیرکرد؟ و بۆچی لەناو ئۆتۆمبێلی مەلا بەختیار بووی؟
👤 هێمن هادیە سوور: ئێوارەی 22ی 8، سەعات 7ی ئێوارە کاک بەختیار تەلەفۆنی بۆ کردم، پێی خۆش بوو ئێوارە پێکەوە بین. ئەمە دیارە، کاک بەختیارم، کاک فەرەیدوون، کاک سالار، کاک بورهان، کاک ئازادی پارێزگاری هەڵەبجە، مامۆستا پشکۆ. هەموو ئەمانە هاوڕێی تەمەنن و هاوڕێبازی باوکمن، جا کە خزمەتکردن و حورمەتگرتنی باوک فەرز بێ، بەلای منەوە هاوڕێکانیشیان فەرزە.
🎤 پێشکەشکار: یانی بۆ سەردان چووبوویتە لایان وەک رەفیقێک؟
👤 هێمن هادیە سوور: هەر ئەوەندەیە، ئەگینا خۆ ئەوان، ئێستا لە کایەی سیاسیدا ئیش ناکەن.
🎤 پێشکەشکار: باشە ئەی کێ دەستگیری کردی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هاتن؟
👤 هێمن هادیە سوور: چوار سەیارە لەوێ چاودێرییان دەکردین، کە تابلۆکانیان تابلۆی جیهاتی ئەمنی نەبوو. هی شتێکی تر بوو، هەواڵگری بوون بەڵێ. من تابلۆکانم خوێندەوە، دوای وتیشیان کە جیهاتی ئەمنیی گرتوونی. ئەمانە لەپێشمەوە رۆیشتن، کە گەیشتینە سەیترەی مێرگەپان.
🎤 پێشکەشکار: دەتوانی بڵێی چی بوو؟ چونکە تۆ دەڵێی هەژمارەکەم بینی و تابلۆکەم بینی.
👤 هێمن هادیە سوور: نامەوێ هەندێک شت بوروژێنم یانی. بۆخۆم لەوانەیە باش نەبێ بۆ دوایی و پێویستیش ناکات، خۆی لەوێ دیارە کێ هەڵدەستێ بە دەستگیرکردن و کێ بەشداربووە.
🎤 پێشکەشکار: دژە تیرۆر یان کۆماندۆ بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: پێمخۆش نییە ئەوەندە رامکێشی بۆ ئەو بابەتە، تۆزێک هەستیاریم هەیە ئێستا لەگەڵ لێکۆڵینەوە، چونکە زۆر بە توندی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم.
🎤 پێشکەشکار: زۆر باشە منیش موراعاتت دەکەم.
👤 هێمن هادیە سوور: سوپاست دەکەم. بەڵام لەناو سەیترەی مێرگەپان هێزێکی ترم بینی. یانی دوو جۆر هێز بوون. هەرچەندە گوتیان یەک جۆر هێز بووە، بەڵام من خۆم دوو جۆر هێزم بینی.
🎤 پێشکەشکار: یانی ئەمانە هەموویان هاتبوون بۆ دەستگیرکردنی تۆ؟
👤 هێمن هادیە سوور: بۆ کەسێکی مەدەنیی بێچەکی وەکو من بەڵێ!
🎤 پێشکەشکار: لەلایەنی حیزبییەوە سەر بە چ حیزب و لایەنێکیت؟ با لە سەرەتاوە بپرسم، دوایێ بچمە ناوی بڵێم هۆکارێک ئەوە بووە کە بۆ نموونە ئایا بەرەی گەل بووی یان چی بووی دەستگیریان کردووی؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە ژیانمدا لە هیچ کایەیەکی حیزبی بە فەرمی من کارم نەکردووە، نە یەکێتی، نە بەرەی گەل و نە هیچ حیزبێکی تر.
🎤 پێشکەشکار: باشە. ئەشکەنجەدانەکەت بەچی بوو؟ تۆ ئەڵێی گەیشتە ئێسقان شکان، بەچی ئازاریان دەدای یانی ئەشکەنجەیان دەدای؟ دەتوانم بزانم؟
👤 هێمن هادیە سوور: دووبارە پێت دەڵێمەوە، حەزدەکەم موراعاتم لەو بابەتە بکەیت. بەڵام ئەوەندەت پێدەڵێم ئەوەی کە بەکاریان هێنا، بۆری بوو، کارەبا. کەلەپچەکردن بۆ راست و چەپکردن، زەختکردن لەشانم بۆئەوەی شانم دەربچێ.
🎤 پێشکەشکار: ئەمە جگە لە ئیهانەکردن؟
👤 هێمن هادیە سوور: یانی هێندەیان ئیهانە کردم، ئاخر جار، بە سێ جۆر ئیهانەیان کردم بە قسە. سێ دەستەواژەیان بەکارهێنا لە سێ رستە، وەک تەهدید بۆ ئەوەی لەرووی دەروونییەوە بمڕوخێنم و ناچارمکەن کۆدی مۆبایلەکەیان بدەمێ. بڕوام پێبکە لەدوای ئەوە وتیان راستی بکەنەوە چونکە ئەمە خاوەنی فلان شت و فلان شت نییە ئەگەر وابێ، ئەم هەموو ئیهانەیە قبوڵ ناکات و کۆدەکەمان دەداتێ. یانی تۆ منت لەسەر ئەرز داناوە، راست و چەپ منت بەستووەتەوە، هاتوویتە سەر پشتم، یەکێکیش
لەپێشمەوە دانیشتبوو ئیحتیرامەن دوور لە قەدری جەنابتان، زوو زوو جووتێ پێڵاوەکەی بەرەو رووی دەممی دەهێنا. لە دواوە قاچم بەرزکرابووەوە، بە دار لە قاچم دەدرا، بە کارەبا لەکەللەکەمیان دا، بە لەقە لێیان دەدام، هەر بە ئەنقەست پەراسوویان شکاندم! بۆ ئەوەی کە بردیانم بۆ هەڵواسین ئازارم زیاتر بێت. بە ئەنقەست پەراسوویان شکاندم.
🎤 پێشکەشکار: باشە
👤 هێمن هادیە سوور: ئیتر لەم کاتەیا بەمن ئەڵێ تۆ ئەگەر. خاوەنی فلان شت و فلان شت بی. ئەمەت قبووڵ نەئەکرد تۆ سەیری ئەم زۆردارییە. لەدوای ئەمانە وتیان راستی بکەنەوە و بیکوژن. بڕوام پێبکە کە وتیان بیکوژن، وامزانی نیادایان لە بەهەشتەوە بۆ هێناوم، خوا خوام بوو بمکوژن. رزگارم بێ لەو ئیهانە و لێدانە. هەر تەمەنام ئەکرد وەعدەکەی خۆیان بەرنەسەر، بەس نەیانبردەسەر. ئەزانی دەمەوێ لێرەیا یەک شتت پێ بڵێم و لێرەیا بەو کۆتاییە بە مەوزوعی تەعزیبەکە بێنین. تکات لێ دەکەم. با ئەوەندە لەسەر ئەم مەوزوعە نەڕۆین.
🎤 پێشکەشکار: باشە
👤 هێمن هادیە سوور: ئەوەی ئەوان لەسەریان بوو و پێیان سپێردرابوو جێبەجێی بکەن.
🎤 پێشکەشکار: پێی نەگەیشتن.
👤 هێمن هادیە سوور: کردیان، هەموو ئەوەی کە پێیان سپێردرابوو بە هەموو توانای خۆیانەوە، هەوڵی خۆیان دا. منیش ئەوەی کە لەسەرم بوو بۆ پاراستنی حورمەتی خۆم، جێبەجێم کرد.
🎤 پێشکەشکار: جا هەر بەراستی، کاک هێمن ئەو مۆبایلە ئەوەندە گرنگ بوو؟ یان هەر لە رق و کینە بوو پاسۆردەکەت بۆ نەکردنەوە؟ بەراستی بەلای منەوە گرنگ بوو.
👤 هێمن هادیە سوور: دەمەوێت قسەکەم تەواو کەم. ئەوەی ئەوان لەسەریان بوو کردیان. ئەوەی منیش لەسەرم بوو بۆ پاراستنی حورمەتی خۆم کردم. بەڵام ئەوان بە ئوسوڵ و رەوشتی خۆیان. منیش بە ئوسوڵ و رەوشتی خۆم. لەگەڵ یەکەم لێدان کە گەیشتمە ئەوێ، وتیان بیکەرەوە سەر ئەژنۆ و یەک جار پێت دەڵێم کۆدی مۆبایلەکە، نەیەی بە دەمانچە لێت دەدەم. نازانم سەغەی بە دەمانچە لێدان یەعنی چی تێ نەگەیشتم. بەس بەدەق وای وت. لەو دەقەیەوە دەوامم لێ کردن کە ئیهانەم نەکەن، چۆن لێم ئەدەن لێمدەن بەس ئیهانەم نەکەن. و جنێوم پێ نەدەن. لەو دەقەیەوە هەموو. هەموو عیزەتی خۆم، هەموو حورمەت و کەرامەتی خۆم. لە پاراستنی ئەو نهێنییە سادەیەدا کە یەعنی کە سادەترین مافی ئینسانە ئەمڕۆ کۆدی مۆبایلەکەت، لەمەیا کۆم کردەوە بۆی نەشکێم. بتوانم بەرەنگارییان ببمەوە و بەرەنگاری ئەو زوڵم و ستەمە ببمەوە. هیچی کەشم پێ نەبوو، خۆ من نە چەکدار بووم و نە توانای ئەوەشم هەبوو تەنانەت دە کەس پەلاماریان ئەدام. هەرچەندە لە دواییدا بە منیان وت یان کاکە خۆ لەوێ دە کەسی لێ نەبووە. وتم من لەژێر ماسکەکەوە دە پێڵاوم دی. پێموایە لەم قسەیە تێدەگەن خۆشیان یانی چی؟
🎤 پێشکەشکار: باشە. شتێک هەبوو گوتیان گوایە ریخۆڵە و ئەمانە شتێکی بەسەرهاتووە، ئەمە راستە؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە کاتی لێدانەکە، خستیانمە سەر پشت، دەستیشم، کەلەپچە بوو راست و چەپ بووم زۆر ئیزعاج بوو. لەبەرئەوەی داوای ئاوم کرد، وتم تینوومە. وتیان کۆدەکەمان دەدەیتێ؟ وتیان، ماڵت ئاوابێ، هیلاکت کردین. کە ئاوەکەیان یامێ،
وتیان کۆدی مۆبایلەکە. وتم بیرم چووەتەوە، بەڵام تێر ئاو بووم. ئینجا خستیانمە سەر پشت، بە لەقە هاتنە سەر ورگم. وتیان ئێستا ئەبێ وا لێ بکەین خۆت پیس کەیت. لە حەیبەتی ئەوە بۆی کە خۆم پیس نەکەم و نەبمە گاڵتەجاڕ. وەڵا زیاتر سووکایەتیم
پێ نەکەن و پێم پێ نەکەنن. خۆم فتقم هەبوو، بە پێ لەقە هاتنە سەر ورگم، تاوای لێهات فتقەکەم وا عەزیەتی پێ پێگەیشت کە ناچاربم عەمەلیاتم بکەن چونکە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووم. خوێن و جەراعەت لە ناو سکم چوڕابوو و لە کۆئەندامی
زاوزێمدا کۆببووە.
🎤 پێشکەشکار: ئەلحەمدولیلا ئێستا سەلامەتیت.
👤 هێمن هادیە سوور: ئێستا باشم.
🎤 پێشکەشکار: ئێستا باش دیاری.
👤 هێمن هادیە سوور: ئەلحەمدولیلا، لە خوا بەزیاد بێت.
🎤 پێشکەشکار: لە کام زیندان بووی؟
👤 هێمن هادیە سوور: حەز دەکەم دووبارەی نەکەمەوە لەوە زیاتر موڕاعاتی زرووفەکەی من
بکەن نامەوێ باسی زیندانەکە بکەم.
🎤 پێشکەشکار: ئەو زیندانەی ئەوان باسی ئەکەن ئەو نییە شوێنێکی تر بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: عەفوم کە. مەسەلەکە هی ئەوەیە نامەوێ باسی زیندانەکە بکەم، چونکە ئەوانەی کە ئەگوزەرێ و کە من باسی ئەکەم، پەیوەندی بە کارگێڕیی زیندانەوە نییە. چونکە لەوێ ستافی بەڕێوەبردن و ئیدارەی زیندان لەگەڵ
ستافی لێکۆڵینەوە دوو جیهانی جیاوازن.
🎤 پێشکەشکار: جا ئەوەی بەسەر تۆ هاتووە بۆ ئەوانی دیکەش دروستە؟
👤 هێمن هادیە سوور: زۆر موراعاتیان ئەکردم.
🎤 پێشکەشکار: ئێستاش نازانی سەبەبەکەی چییە؟
👤 هێمن هادیە سوور: دووبارە پێت ئەڵێمەوە پرسیارەکە وەڵامەکەی لای ئەوانە. من بە رق و لە حەقد هیچی دیکەم نەبینی.
🎤 پێشکەشکار: ئەکید سەبەبێک هەیە ئەمەوێ بگەین بە سەبەبەکە. باشە. ئەگەر هەڵە نەبم برایەکت لەگەڵ کاک لاهور بووە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ لەوێ بوو.
🎤 پێشکەشکار: هاوژینی برات لەگەڵ ئەو بووە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ، هاوژینی برام، لەوێ بووە.
🎤 پێشکەشکار: باشە. لە شەوی رووداوەکە تۆ لەکوێ بووی؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە ماڵی خۆم.
🎤 پێشکەشکار: هاوژین چۆن رزگاری بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: هاوژین. دیارە کە کاک لاهور گیرا ئینجا من زانیم هاوژین لەوێیە. ئەویش لەگەڵ دۆستێکی نزیکی کاک لاهور قسەم کرد. پێم ئەڵێ حاجی، وتی حاجی هاوژین لەوێیە. بڕوام پێ بکە کە وتی هاوژین لەوێیە، یەعنی بارێکی دەروونیم بەسەرەم هات نەئەمزانی هانا بۆ کێ بەرم چی بکەم. یەکەم شت رام کرد بەرەو تەلەفزیۆنەکە تا بیبینم. بزانم لە لەنێوان ئەوانەی کەوتوون و رووت کراونەتەوە و لەسەر دەم فڕێدراون بزانم ئەوی تیایە نایبینم، ئەمە بەیانییەکەی بوو. تەلەفۆنم کرد بۆ هاوژین، هاوژین. وەڵامی نەبوو، تا وەڵامی یامەوە من وابزانم رووحم سپارد و هاتمەوە. یاخوا کەس تووشی ئەوە نەبێ، هەست بکا لەناو ئەو ئاگر بارانەیا جەرگی لەوێیە. یاخوا کەس تووشی نەبێ، تکا ئەکەم لە خوای گەورە و لێی ئەپاڕێمەوە ئەوە بەسەر کەس نەهێنێ.
🎤 پێشکەشکار: باشە تۆ چیت کرد؟
👤 هێمن هادیە سوور: یەکەم شت چووم بۆ پارکی ئازادی.
🎤 پێشکەشکار: باشە
👤 هێمن هادیە سوور: بۆی کە تا ئەو ئازاد دەکەن خۆم دەستگیر نەکرێم. نەشمەویست بێهاوڕێ بم. لەوێوە لەگەڵ دۆستێکم پەیوەندیم کرد. داوام لێکرد بچێتە ئەوێ رێنمایی بە هاوژین با هەتا بتوانێ خانوویەک، دوو خانوو لە شوێنی قەتیسبووی خۆی
دەرباز بێ. تۆپۆگرافیای خانوەکانی گردی سەرچنار بە شێوەیەکە سەربانی ئەم لەگەڵ حەوشەی ئەوا، حەوشەی ئەو لەگەڵ سەربانی ئەوا ئاسان ئەتوانی خۆی بدزێتەوە.
🎤 پێشکەشکار: باشە.
👤 هێمن هادیە سوور: یەک مەفرەزە لە هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم ماڵەکە بوون کە هاوژینی لێ بوو. بە شێوازێ رێنماییمان کرد و ئەویش قوتار بوو. پێم وایە کە من ئازاد بووم، دوای 50 رۆژ و ئینجا کە چووشمە دەرەوە، تازە بەتازە ئەوان چوونە
ئەو شوێنەی کە هاوژینی لێ بوو، زانیان کە هاوژین و برادەرەکانی لەوێ بوون.
🎤 پێشکەشکار: کەواتە تۆ هاوژینت رزگار کرد؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەشانازییەوە بەڵێ. سەعات 12 و 20 دەقیقە لە پشتی قەیوان ستی هەڵم گرتەوە. بردمە شوێنێک، جل و نانم بۆ برد، خۆی شوشت و خۆی گۆڕی، دوایی ناردمە ماڵی. پوورەکانم، ئەتوانم بڵێم لە زۆر پیاو لەو بابەتانەیا پیاوترم.
🎤 پێشکەشکار: باشە. بەڵام زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبووم، دەستەی مافی مرۆڤ دەیگوت کەس لە گیراوانی لالەزار و ئەمانە ئەشکەنجە نەدراون.
👤 هێمن هادیە سوور: ئەوان لە زیندان توانای ئەوەیان نییە راستییەکان بشارنەوە. یەک نموونەت پێ ئەڵێم. هەرچەندە تۆ لەو مەوزوعە موڕاعاتم ناکەی و زووزوو رامئەکێشی بۆ سەر بابەتەکە.
🎤 پێشکەشکار: هەر موڕاعاتی ئەکەم، بەڵام دەمەوێت بۆم یەکلایی بکەیتەوە.
👤 هێمن هادیە سوور: بە نموونەیەک. بەڕێزێک چاوم لێ بوو، چاوم لێ بوو کە وتەی دەدا، ئەیوت سەردانی زیندانەکانمان کردووە، پێم وایە عەدەدەکەشی وت 30 و چەند کەسیان دیوە کە ئەشکەنجە نەدراون. ئەو کاتەی کە ئەو بەڕێزە. ئەو کاتەی کە ئەو بەڕێزە.
🎤 پێشکەشکار: باشە.
👤 هێمن هادیە سوور: ئەو وتەیەی دا، وتی کەس ئازار نەدراوە. من نەئەتوانیم راست بمەوە. حەتا بە بێ موبالەغە نەمئەتوانی راست بمەوە. ئەو کاتەی کە ئەو لێدوانەی دا، بەزەبت لەو کاتەیا کە ئەو لێدوانەی دا. من ئاوا سەیری تەلەفزیۆنەکەم ئەکرد
لەنێوان قەڵەوێرەکانەوە. کاک سدیقی سۆفی مەجید پەرداخێکی بۆ گرتبووم بە قەسەبە ئاوم ئەخواردەوە. بەزەبت لەو کاتەیا کە ئەو وتی کەس ئازار نەدراوە.
🎤 پێشکەشکار: باشە. بەڵام وتی بەپێی زانیارییەکانی ئێمە. دوای چەن رۆژ ئازاد کرای؟
👤 هێمن هادیە سوور: 49 رۆژ
🎤 پێشکەشکار: چۆن ئازاد کرای؟
👤 هێمن هادیە سوور: نازانم.
🎤 پێشکەشکار: چۆن نازانی؟
👤 هێمن هادیە سوور: نازانم.
🎤 پێشکەشکار: پێیان نەوتی؟ هەرئاوا وتیان کاک هێمن تۆ ئازاد کرای و تەواو، بەبێ
دادگاییکردن و شتی وا؟
👤 هێمن هادیە سوور: بزەبت وابوو، نانی نیوەڕۆم دەخوارد. قوربان من 49 رۆژ لەوێ بووم، وەکو عەرزت ئەکەم تا لێواری مەرگ رۆیشتم. لە چوونەژوورەوەم بۆ ناو زیندان و تا هاتنەدەرەوەم، تۆ چەن حاکمت دیوە من ئەوەندە. دادوەم نەدی. بە
ماددەیەک دەستگیرکراوم ئەسڵەن پێویست بە ئیجتیهاد و بە شیکردنەوەی حاکم ناکات کە تیایا من بەریئم، من ئیستیسنا کراوم من داڵدەی، ئەگەر ئەگەر هاوژین تاوانبار بێ، ئەگەر تاوانبار بێ، کە لەوکاتەیا حەتا فەرمانی دەستگیرکردنیشی نەبوو چونکە
گەرماوگەر بوو مەوزوعەکە. هاوژین سەعات 7 بەرێکەوتووە بەرەو هەولێر، من سەعات 7 بەرێکەوتم بەرەو مێرگەپان. تا گەڕاومەتەوە لە رێگا منیان گرتووە. ئێ خۆ ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هاوژین دەرچوو، هاوژین کێی تیایە تاوانبار کرا،
شایەتەکانی چۆن وەرگیرا، ئێ خۆ هاوژین ئەو کاتە هێشتا تۆمەتبار نەبوو. داواکراویش نەبوو بۆ ئاسایش.
🎤 پێشکەشکار: نازانم ئێستا لەکوێی؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە هەولێرم قوربان.
🎤 پێشکەشکار: ئێستا لە هەولێری؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ.
🎤 پێشکەشکار: سلێمانیت جێهێشتووە و هاتووی لە هەولێری؟ دوای ئازادکردنت راست هاتیە
هەولێر؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەخێر. دوای ئازادکردنم، لە رۆژی دووەمی دوای ئازادکردنم نامەیەکم بۆ کاک لاهور نارد. لە ئەکاونتی خۆم لە فەیسبوک، پێم وایە لە سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوەیەکی هەبوو. لە ئاسایش بانگیان کردم. ئەمن چووم کەلوپەلی و مۆبایلەکانم وەربگرمەوە، بەڵام دیاربوو وەکو هەلێک قۆستیانەوە. وتیان ئەمەت بۆ کردووە. تۆ. تەعەهودت داوە کە نابێ هیچ بڵێی. وتم دوو هۆکارم هەیە. یەکەم بەراستی دڵم بە کاک لاهور ئەسووتێ، چونکە کاک لاهور و برادەرەکانی بەتایبەتی خۆی. لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە، ئێجگار جیاوازە. تۆمەتباری دیکە، دادوەر دادی بابەتەکە دەبینێ. دادبینی لە بابەتەکەی ئەکا. ئەم، ئەوەی کە خەسمێتی و بە دوژمنی ئەزانێ ئەم دادبینییەکەی ئەبینێ.
🎤 پێشکەشکار: جا پڕۆدیوسەرەکەم رێک نامەکەی تۆی بۆ من ناردووە. ئەڵێ، هێمنی هادیە
سوور بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوڕێی نیوەی رێگات نیم. ئەمە هەوەیە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ.
🎤 پێشکەشکار: ئەم نامەیە بوو، وایە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ راستە. دووەم سەبەب. دووەم سەبەب. پێم وتن وتم ئێوە 50 رۆژ منتان گرتووە بە نزیکی. هەموو گیانی منتان شکاندووە. خۆ ئەگەر بۆ ئێوەش و بۆ دۆست و ناسیاو و خزم و خەڵکی شارەکەشم دەسەلمێنم کە تۆ ئەتوانی بمگری، ئەتوانی بمکوژی، ئەتوانی جارێکی کەش هەموو گیانم بشکێنیتەوە، بەس ناتوانی ئیرادەم بشکێنیت، ناتوانی بمبەزێنی.
🎤 پێشکەشکار: ئەوات پێ وتن؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ. کوڕەکەم لەگەڵ خۆم برد، بۆیە شایەتی قسەکانم بێ. بۆ ئەوەی
فێریش بێ بۆ ئەوەی فێریش بێ بزانێ چۆن ئەبێ خاوەنی هەڵوێست بێ.
🎤 پێشکەشکار: زانیاریت هەیە چەند کەس کوژراون لەناو لالەزار؟
👤 هێمن هادیە سوور: ئەوەی کە باسی ئەکەن وانییە.
🎤 پێشکەشکار: وانییە؟
👤 هێمن هادیە سوور: نە. بەس لە هێزەکانی یەکێتی زیاتر کوژراوە.
🎤 پێشکەشکار: چەندە زانیاریت هەیە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ، بەس زیاترە. زۆر لەوە زیاترە کە باسی ئەکەن. بریندار
سەرووی 200 بریندارە.
🎤 پێشکەشکار: 200 بریندار لە کوێ لە هەردوولا؟
👤 هێمن هادیە سوور: نا نا بەس لە هێزەکانی یەکێتی.
🎤 پێشکەشکار: بەس لە یەکێتی 200 بریندارە؟ باشە. ئەی کوژراو؟
👤 هێمن هادیە سوور: کوژراویش زۆرە.
🎤 پێشکەشکار: چەندە؟
👤 هێمن هادیە سوور: ئەتوانم بڵێم زۆرە، تەنها ئەوەندە ئەڵێم.
🎤 پێشکەشکار: ناتوانی رەقەمەکە بڵێی؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە چەند لایەکەوە ژمارەم بیستووە لە کەسی بەرپرسیش، من هەتا 38م
بیستووە ئیتر نازانم راستە، چونکە ئەمە هیچی یەکێتی نەبوون، خەڵکی تریشی تیا بوو.
🎤 پێشکەشکار: خەڵکی تر کێ بوون؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە دەرەوەی هەرێم خەڵک هاتووە بۆ هاوکارییان.
🎤 پێشکەشکار: لە دەرەوەی هەرێم هاتووە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ.
🎤 پێشکەشکار: کێ بوون ئەتوانی ناویان بڵێی؟
👤 هێمن هادیە سوور: پێویست دەکات خۆم بەرپرسیار کەم بەرامبەر بە وتنی ئەو ناوانە؟
🎤 پێشکەشکار: ئەی لە لالەزار؟
👤 هێمن هادیە سوور: لە لالەزار بزەبت نازانم.
🎤 پێشکەشکار: بزەبت نازانی؟
👤 هێمن هادیە سوور: نەخێر.
🎤 پێشکەشکار: چەند بریندار و کوژراو و ئەوانە لە لات نییە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بریندار زۆر نەبووە، چونکە تەقەکەر زۆر نەبووە، عەزیز. ئەو هێزە
ئەو هێزەی کە تۆ ئەیبینی بەرامبەر ئەوان بەرگرییان کردووە.
🎤 پێشکەشکار: باسی چیڕوکێکت بۆ کردم کە عەدەد دۆشکە بوو.
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ. شێخ رێکار؟
🎤 پێشکەشکار: ئەو چۆن بوو چیرۆکی چۆن بوو؟
👤 هێمن هادیە سوور: زۆری کاریگەریی تێکردووم ئەو بابەتە، ئەمە بە کامێرای ڤیدیۆ
دۆکیومێنت کراوە.
🎤 پێشکەشکار: هەیە؟
👤 هێمن هادیە سوور: بەڵێ.
🎤 پێشکەشکار: بە کامێرای ڤیدیۆ دۆکیومێنت کراوە؟
👤 هێمن هادیە سوور: سێ تەکەی دۆشکە ئەگۆڕێ، بە دەستێک تەقە ئەکا، بە دەستێک فیشەکەکانی ئەگۆڕێ. جا دواتر بە قەناس پێ کراوە، ئینجا بە درۆن لێی دراوە پێم وایە تا بووە بەهۆی سوتاندنی ئەم بەستەزمانە و شەهیدبوونی. باشە تۆ، کوڕێک
ئەمەنە گەنج و ئازا بێت، بە دەستێک تەقە بکا و بە دەستێک فیشەک بگۆڕێ. ئەمە هی ئەوەیە تۆ لە ئامێزی بگری یان بیکوژی؟ حەیفە مەرڕەوا، هەیخۆ بە حاکمزان. کە ئەمانە بنەتوویەکی ئێجگار بەپیت و بەرەکەت و رەسەنن کە تۆ هێزەکانی خۆتی پێ
بڕازێنیتەوە ئەی ئەوە نییە تۆ سەرکوتی کەی. نابێت لە دژی مەردایەتی بیت، دەبێت لەگەڵ کەسی مەرد بیت.
🎤 پێشکەشکار: کاک هێمن زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت دا، کە بتوانین ئەو گفتوگۆیە بکەین. هیوادارم هەروەها بە لەشساغ و تەندروستییەکی باش بتانبینم؛ چونکە ئەوەی کە باست کرد بەراستی لە مردنەوە رزگار بووی.
👤 هێمن هادیە سوور: سپاس.
🎤 پێشکەشکار: سپاس بۆ هێمن هادیە سوور یەکێک لە گیراوانی رەشبگیری دوای رووداوەکەی لالەزار کە لەگەڵمان بوو، زۆر سپاس. بەهیوای ئازادبوونی تەواوی ئەوانەشی کە ئێستا
لە زینداندان.
👤 هێمن هادیە سوور: بە هیوام.