پووتین بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە چین
ئەمڕۆ سێشەممە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژەی بۆ وڵاتی چین دەستپێکرد. بڕیارە لەم سەردانەدا لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی، پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەندین پرسی هەستیاری جیهانی تاووتوێ بکەن.
شاندێکی باڵای رووسی یاوەری پووتین دەکەن کە پێکهاتوون لە وەزیران، بەرپرسانی باڵای ئابووری و سەرۆکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی رووسیا. چاودێران ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ بایەخی تایبەتی مۆسکۆ بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەیژینگ دەبینن، بەتایبەت لەم کاتەی کە رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە لەژێر سزایەکی توندی وڵاتانی رۆژئاوادایە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی کرێملین، بڕیارە سبەی چوارشەممە هەردوو سەرۆک کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجام بدەن. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ تاووتوێکردنی دۆسیە نێودەوڵەتییەکان، لە سەروو هەموویانەوە جەنگی ئۆکرانیا و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە ئێران.
هەروەها بڕیار وایە لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا، جاڕنامەیەکی هاوبەش و دەیان رێککەوتنامە لە بوارەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە و ژێرخان واژۆ بکرێن. مەلەفی وزە یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان، بەتایبەت پڕۆژەی هێڵی گازی "هێزی سیبیریا2" کە رووسیا هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە هەناردەی گازی خۆی بۆ بازاڕەکانی چین فراوانتر بکات.
ئەم سەردانەی سەرۆکی رووسیا هاوکاتە لەگەڵ 25ەمین ساڵیادی واژۆکردنی پەیماننامەی "دراوسێیەتی باش، هاوڕێیەتی و هاوکاری" نێوان مۆسکۆ وبەیژینگ کە وەک بەردی بناخەی پەیوەندییەکانی ئێستای هەردوو وڵات دادەنرێت.