رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی "نیشتمان" خێراتر دەکرێن

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی "نیشتمان"
کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی "نیشتمان"

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی "نیشتمان" کرد.

​بە گوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی سەرپەرشتیار دوایین هەنگاوە جێبەجێکراوەکانی تایبەت بە دامەزراندنی بانکی "نیشتمان" خستە روو؛ کە خۆی لە دابینکردنی باڵەخانەی گونجاو، پێکهێنانی ئەنجوومەنی کارگێڕی، دابینکردنی ژێرخانی کارگێڕی، دارایی و ئەلکترۆنیدا دەبینێتەوە.

​وەک ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، وەزیری دارایی و ئابووری، وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەکە، تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخی ئەم بانکە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رووی بەدیهێنانی شەفافیەت، سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و پەرەپێدانی سیستەمی دارایی و بانک.

وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: ​"لە ماوەی رابردوودا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی دامەزراندنی ئەم بانکە بووین، کە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گرنگە؛ بۆ داهاتووش لە پێشکەشکردنی هەر هاوکاری و کارئاسانییەک درێغی ناکەین".

​هاوکات داوای لە لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە کرد، کە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ، بۆ ئەوەی هەرچی زووە رێکارە کارگێڕی، یاسایی و هونەرییەکان کۆتاییان بێت و بانکەکە لە نزیکترین کاتدا بە فەرمی دەستبەکار بێت.

دەربارەی بانکی نیشتمان:

- لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی دامەزراندنی پێدراوە.

- ​بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێر دەبێت.

- لقی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

دوای دەستبەکاربوونیشی، چەندین خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی دارایی و بانکی، پێشکەش بە هاووڵاتییان، فەرمانبەران و بازرگانان دەکات.