پارێزگاری نەجەف: دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی هەولێر وەربگرین

وەزارەتی بەرگریی سووریا نوێترین زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی پایتەختی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکی باب شەرقی، سەربازێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، یەکەیەکی سوپای سووریا بۆمبێکی چێندراویان دۆزیوەتەوە کە بۆ تەقینەوە ئامادەکرابوو لە نزیک یەکێک لە باڵەخانەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ناوچەی باب شەرقی لە دیمەشق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانی سوپا دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵ بۆمبەکەدا کردووە و هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان داوە، بەڵام پێش ئەوەی بۆمبەکە پووچەڵ بکرێتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە هەمان ناوچە تەقیوەتەوە.

بەهۆی تەقینەوەکە، کە دوانیوەڕۆی روویدا، سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بە پلەی جیاواز بریندار بوون.

پێشتر ئاژانسی فەرمیی سووریا (SANA) بڵاویکردبووەوە کە تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی باب شەرقی و لە نزیک باڵەخانەی "بەڕێوەبەرایەتی پڕچەککردن" روویداوە و دووکەڵێکی رەش ئاسمانی ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە رێکاری توندیان گرتووەتە بەر و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.