لە هەولێر دەست بەسەر کۆگایەکی خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گیرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری بازرگانی رایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بەسەر کۆگایەکی میوەی وشککراودا گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستکاری رێککەوتی بەسەرچوونی بەرهەمەکانیان کردووە.

هۆگر عەلی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، لیژنەکانیان پشکنینەکانیان لە ناو شاری هەولێر و لە کۆگاکان و مارکێتەکان چڕکردووەتەوە.

لەبارەی سەرپێچیی ئەو کۆگایەوە، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری بازرگانی رایگەیاند: "کۆگایەکی میوەی وشککراومان دۆزیوەتەوە کە بەرهەمەکەی تەنیا 16رۆژی مابوو بۆ بەسەرچوون، بەڵام خاوەنەکەی دەستکاری رێککەوتەکەی کردووە و بۆ ماوەی ساڵێک کاتەکەی پێشخستووە (درێژکردووەتەوە)."

گوتیشی: "ئەو میوە وشککراوانە لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێن و ماددەی پارێزەریان تێدایە، کاتێک رێککەوتەکەیان بەسەردەچێت ئیتر شیاوی خواردن نین. سەرپێچیکاران بۆ ئەوەی لە چاوی تیمەکانی چاودێری وون بن، تەنانەت کارتۆنی تایبەتی بەرهەمەکانیشیان گۆڕیوە."

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، هۆگر عەلی روونی کردەوە، تێکەڵکردنی بەرهەمەکان ئەگەر مۆڵەتی هەبێت ئاساییە، بەڵام بەو مەرجەی رێککەوتی کیسە ئەسڵییەکە وەک خۆی بنوسرێتەوە نەک دەستکاری بکرێت.

جەختی کردەوە، تیمەکانی چاودێری بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و پۆلیس دەستیان بەسەر تەواوی کاڵاکاندا گرتووە و نەیانهێشتووە ئەو بەرهەمە ماوەبەسەرچووانە بگەنە ناو بازاڕ و دەستی هاووڵاتییان.