دۆسیەی ئەشکەنجەدان و لە پیاوەتی خستنی حەمەڕەش رەوانەی لیژنە پزیشکی دەکرێت

دەستەی مافی مرۆڤ چووە گرتووخانەی کانی گۆمە و بەدواداچوون بۆ کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار دەکات

شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی سەردانی گیراوانی لالەزاری کرد و چاویان بە حەمەڕەش و کارزان کەوتووە، بڕیارە دوای راپۆرتی پزیشکی دەستەکە هەڵوێستی فەرمی لە بارەی پرسی ئەشکەنجەدان و لە پیاوەتی خستنی ئەو دوو دەستگیراوە، رادەگەیەنێت.


دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، لە بارەی سەردانەکەیان بۆ سلێمانی و زیندانی کانی گۆمە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتیی مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و بە یاوەری رامان مەجید، راوێژکاری سەرۆکی دەستە و تاڤگە عومەر رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ سێ تەوەری سەرەکی سەردانی شاری سلێمانیان کردووە، گرنگترینیان دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزارە.


لەمبارەوە ئاماژەیداوە، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی دادگای سلێمانی و دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان دەربارەی قۆناخە یاساییەکانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار کردووە.


هەروەها لە گرتووخانەی کانی گۆمە، لە نزیکەوە چاویان بە (حەمەڕەش) و (کارزان) کەتووە، کە دوو لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزارن، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە رەوشی تەندروستی و بارودۆخیان لە ناو زینداندا.


سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندەکەیان گوێبیستی قسەی دەستگیرکراوەکان بوون و داوایان کردووە حەمەڕەش رەوانەی پشکنینی پزیشکی بکرێت بۆ سەلماندنی راستی و دروستی ئەو زانیارییانەی باس لە ئەشکەنجەدان و لەپیاوەتی خستنی دەکەن؛ گوتیشی: دەستەکە چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکی دەکات بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی فەرمی.


سەبارەت بە دۆخی تەندروستی لاهور جەنگی، سلێمان سندی ئاماژەی بەوە کرد، پێش 10 رۆژ چاویان پێی کەوتووە و رایگەیاند، مانەوە لە زیندان بۆ ماوەیەکی درێژ بێگومان کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی و جەستەیی دروست دەکات، جەختیشی کردەوە نوسینگەی سلێمانییان راسپاردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی 20 دەستگیرکراوەکەی دیکە بکەن کە لە گرتووخانەی کانی گۆمە راگیراون بۆ ئەوەی لە دۆخی تەندروستییان دڵنیا ببنەوە.


هەر لە سەردانەکەی شاندی باڵای دەستەی مافی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی داریوش محەمەد تەمەن 17 ساڵ کراوە، کە 17ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، گوایە لە گرتووخانەی چاکسازی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە؛ دەستەکە لەو سەردانەی سلێمانیدا بە وردی چاودێریی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی ژووری کۆنترۆڵیان کردووە.