دهۆک.. چوار کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدا
لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سنووری دهۆک، پێنج کرێکار لە بەرزاییەوە کەوتنە خوارەوە، بەهۆیەوە چواریان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
کیڤی بامەڕنی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، پێنج کرێکار لەکاتی کارکردندا لەسەر بەرزکەرەوەیەک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی ناحیەی فەیدییێ سەر بە دهۆک کەوتنە خوارەوە، بەو هۆیەوە چواریان گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان بریندار بووە.
باسی لەوەش کرد، دۆخی تەندروستیی بریندارەکە ناجێگیرە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن چارەسەر وەردەگرێت، تەرمی چوار کرێکارەکەش رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان ناو و تەمەنی ئەو چوار کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە پێکهاتوون لە، سیزار شڤان (26 ساڵ)، ئومێد حەسەن (17 ساڵ)، زیاد ئیبراهیم (25 ساڵ) و رەیان سەفەر (25 ساڵ).
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کرێکارەکان پیشەیان جامچی بووە، ماوەی چەند رۆژێک بووە کاریان لە پڕۆژەکەدا کردووە، هەروەها لە بەرزیی نزیکەی 50 مەترەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکدا دڵگرانیی خۆی لە رووداوەکە دەربڕی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد.