کۆنگۆ ..ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنترۆڵ دەرچووە
جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە ناوی "بۆندیبوجیۆ" لە ئەنگۆلا بڵاوبووەتەوە و بووەتە و دڵەڕاوکێ لای رێکخراوی تەندروستی جیهانی و دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان دروستکردووە، بە گوێرەی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە 530 حاڵەتی گوماناوی و 131 مردن تۆمارکراون.
ماڵپەڕی "Today"ی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، بڵاویکردەوە، ماسیۆ کاڤانا، بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەتە تەندروستییە جیهانییەکان لە زانکۆی جۆرج تاون رایگەیاندووە " ژمارەی تووشبوون و مردنەکان بە روونی دەریدەخەن کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنترۆڵ دەرچووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە چەند هەفتەیەک دواکەوتووە، چونکە ئەو پشکنینانەی بەکارهێنراون بۆ جۆرێکی دیکەی ئیبۆلا بوون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامەکان بە هەڵە دەربچن و چارەسەر پزیشکی یەکان دوا بکەون.
لە لایەکی دیکەوە، کەیتلین ریڤەرز، بەڕێوەبەری ناوەندی وەڵامدانەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، دەڵێت "کاتێک ڤایرۆسەکە دۆزرایەوە، بە رێژەیەکی زۆر بڵاوەی کردبوو، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە چونکە ڤایرۆسەکە کاتی پێویستی هەبووە بۆ بڵاوبوونەوە بەبێ هیچ رێگرییەک".
ڤایرۆسی ئیبۆلا یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکان و دەبێتە هۆی تایەکی توند و خوێنەبەربوون کە رەنگە لە ماوەی چەند رۆژێکدا ببێتە هۆی مردن، ئەم ڤایرۆسە یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە نزیک رووباری ئیبۆلا لە کۆنگۆ دۆزرایەوە، لەرێگەی ئاژەڵە کێوییەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دواتر لەرێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن و شلەمەنییەکانی جەستە لە نێوان مرۆڤەکاندا بڵاودەبێتەوە.
رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لە نێوان 25% بۆ 90% ـە، جیاواز لە جۆری "زائیر ئیبۆلا"، ئەم جۆرە نوێیەی ئێستا کە "بۆندیبوجیۆ"یە، تا ئێستا هیچ کوتان یان چارەسەرێکی پەسەندکراوی نییە، دۆخی خراپی مرۆیی، ململانێ چەکدارییەکان و کۆچی زۆرەملێ لە ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، وایکردووە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە زۆر سەخت بێت.
لەمبارەیەوە شارەزایان دەڵێن، هەرچەندە ئەگەری بوونی ئەم ڤایرۆسە بە پەتایەکی جیهانی وەک کۆرۆنا کەمە، چونکە لەرێگەی هەواوە ناگوازرێتەوە، بەڵام مەترسییەکەی نابێت فەرامۆش بکرێت، جۆدی گیست، لە زانکۆی ئیمۆری دەڵێت: "ئەمە بەرزترین ئاستی هۆشداری تەندروستییە لای رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەبێ ئەوەی وەک پەتایەکی جیهانی رابگەیەنرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە رەنگە تەنها لە ناو کۆنگۆ و ئۆگاندا نەمێنێتەوە".
هاوکات رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: "جیهان هەموو سەرنجی لەسەر ڤایرۆسێکە کە بەسستی بڵاودەبێتەوە، لە کاتێکدا ڤایرۆسێکی زۆر کوشندەتر لە ئەفریقا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و کەس بایەخی پێ نادات." ئەم دۆخە جارێکی دیکەی ئەوە دەخاتە روو کە وەبەرهێنان لە سیستەمە تەندروستییەکان و چاودێری پەتاناسی بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی جیهانی پێویستییەکی بە پەلە و پێویستە.