شۆرش ئیسماعیل: پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە مافێکی شایستە و یاسایی خۆیانە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی پلەبەرزکردنەوەی 8758 کارمەند و پلەداری وەزارەتەکەی، گوتی: مافێکی شایستەی ئێوەیە.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە مافێکی شایستە و یاسایی کارمەندانە و دەرەنجامی دڵسۆزی و ئەرککێشانی بەردەوامیانە لە پاراستنی خاک و دەستکەوتەکانی نیشتمان. ڕاشیگەیاندووە کە هێزەکانی پێشمەرگە وەک پارێزەری هەرێم، شایستەی ڕێز و پێزانینن.
شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەش کردووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندان و پلەداران، بە ئامانجی بەردەوامبوون لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
لە خشتەکانی نەورۆزی 2026، 8758 کارمەند و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە پلەیان بەرزکرایەوە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە فەرمی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەی راگەیاند، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردبوو، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە وەک تیمێکی یەکگرتوو کاریان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن.
هەر لەو پەیامەیدا، شۆڕش ئیسماعیل جەختی کردبووەوە، کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پاراستنی خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن.
سەبارەت بەو ئەفسەرانەی ناویان لەو خشتانەدا نەبوو، وەزیری پێشمەرگە دڵنیایی دا کە بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و مافەکانیان پارێزراو دەبێت، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە خواستبوو.