رێنمایی نوێی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر مۆڵەتی شۆفێری

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند مۆڵەتی نوێی شۆفێری بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراوە و هاووڵاتییان دەتوانن لەکاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ دەرەوەی وڵات بەکاریبهێنن، بەبێ ئەوەی ناچار بن مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربهێنن.

چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە هەنگاوێکی تازەیدا بۆ کارئاسانی هاووڵاتییان دوا بەدوای دەرکردنی مۆڵەتی نوێی شۆفێری، لەکاتی گەشتکردنییاندا هاووڵاتی ئارەزوومەندە لەوەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەربهێنێت یاخود نا، چونکە مۆڵەتی نوێی شۆفێری هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراوە و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەش پەسەندکراوە.

پوختەی ناوەڕۆکی روونکردنەوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

1- ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری نوێی خۆجێین دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان بگۆڕن بە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی .

2- ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری نوێی خۆجێین بەڵام بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەگەر بیانەوێت لەو وڵاتەی گەشتیان بۆ کردووە و ئۆئۆمبێل بە کرێ بگرن و شۆفێری بکەن ئەوا پێویستە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەربهێنن .

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عەقید سۆران سادق، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندبوو: "مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دوای دەرهێنانی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و تاوەکو کاتی بەسەرچوونی، کاری پێدەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتە و بارهەڵگر و تەنکەرەکان ناگرێتەوە.