تەسنیم: ئەمریکا وەڵامی پێشنیازەکەی ئێرانی داوەتەوە
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە رێگەی پاکستانەوە دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی وەک وەڵامێک بۆ پلانە 14 خاڵییەکەی تاران رادەستی ئێران کردووە؛ هاوکات نێوەندگیرە پاکستانییەکان لە هەوڵێکی چڕدان بۆ نزیککردنەوەی راکانی هەردوولا لە کاتێکدا ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرژیی سەربازیدایە.
چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە، دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی بۆ تاران ناردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی تەسنیم سێ رۆژ دوای ئەوەی ئێران دەقی پێشنیازە 14 خاڵییەکەی خۆی بۆ واشنتن نارد، لایەنی ئەمریکی جارێکی دیکە لە رێگەی وڵاتی پاکستانەوە دەقێکی نوێی ئاراستەی تاران کردووەتەوە. ئ
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا لایەنی ئێرانی سەرقاڵی وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەیە لە دەقە نوێیەکەی ئەمریکا و تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیان نەداوەتەوە. هاوکات، نێوەندگیرە پاکستانییەکان لە تاران لە هەوڵێکی چڕدان بۆ ئەوەی خاڵە جێناکۆکەکانی نێو هەردوو دەقەکە (پێشنیازەکەی ئێران و وەڵامەکەی ئەمریکا) لە یەکتر نزیک بکەنەوە.
سەرەڕای ئەم ئاڵوگۆڕی دەقانە، سەرچاوە ئێرانییەکە جەختی کردەوە کە هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لە ئارادا نییە و هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانە ئەگەر لایەنەکان نەگەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پرسی ئەتۆمی و ئاسایشی کەشتیوانی و سزاکان.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژ و پڕ لە گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەردە لەسەر ناکۆکییەکی قووڵ لادرا سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران. سەرچاوەکان دەڵێن ناتانیاهۆ دوای پەیوەندییەکە " ئاگری لێ دەباری" بەهۆی توندی تووڕەیی و نیگەرانییەکەیەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا ناتانیاهۆ ئاگادار کردووەتەوە کە نێوەندگیرە ناوچەییەکان (قەتەر و پاکستان) خەریکی داڕشتنی نامەیەکی نیازپاکین بۆ ئەوەی لەلایەن واشنتن و تارانەوە واژۆ بکرێت. ئامانجی ئەم نامەیە کۆتاییهێنانی فەرمییە بە جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی 30 رۆژەی دانوستانە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز.