لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کرا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشووی رەوانەی بەغدا کردووە.
چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە هەردوو لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی "تەرازووی پێداچوونەوە"ی (ميزان المراجعة) مانگی نیسانیان رەوانەی بەغدا کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەو لیست و راپۆرتانە بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بکرێن، ئەمەش وەک هەنگاوی پێویست بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی ژمێریاریی سەبارەت بە پرسی دیاریکردن و ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار بۆ حکوومەتی فیدراڵ خستووەتە روو.
وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە؛ لە رووی بنەماکانی ژمێریارییەوە، دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتی پەیوەستە بە راپۆرتی مانگانەی تەرازووی پێداچوونەوە، بەو پێیەی تا کۆتایی مانگی ئایار و گەیشتنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری، ناتوانرێت بە وردی دیاریی بکرێت کە کۆی داهاتی مانگی ئایار چەندە و پشکی حکوومەتی فیدراڵ لەو داهاتە چەند دەبێت. هەر بۆیە ئەم پرسە دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی مانگەکەوە.