ئێران: خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازی ئەمریکاین

ئێران: لەگەڵ وڵاتان، خەریکی داڕشتنی پرۆتۆکۆلێکی ئەمنیین لە گەرووی هورمز

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکی بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند کە بەکارهێنانی زمانی "هەڕەشە و وادەی کۆتایی" بەرانبەر ئێران هیچ سوودێکی نییە و گوتی: "ئەم لێدوانانە گاڵتەجاڕین." ئاشکراشی کرد، لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، خەریکی داڕشتنی پرۆتۆکۆلێکی ئەمنییە بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی بەردەوام لە گەرووی هورمزدا

چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئێران، جەختی کردەوە وڵاتەکەی بە سەربەخۆیی بڕیار لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەدات و هەڕەشە سەربازی و سیاسییەکان نابنە هۆی گۆڕینی سیاسەتەکانی وڵاتەکەی. گوتیشی: "تاران تەنیا سەرنجی لەسەر ئامانجە نیشتمانییەکانە و ئەم جۆرە لێدوانانە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانمان نابێت."

سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستان، بەقایی ئاشکرای کرد، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی پاکستانەوە بەردەوامە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران بۆ ئاسانکاری و روونکردنەوەی دەقە نێردراوەکانی نێوان هەردوولایە.؛ ئاماژەشی دا، ئێمە پێشنیازی لایەنی ئەمریکیمان پێگەیشتووە و ئێستا خەریکی تاوتوێکردنیانین. ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی پاکستان بە مەبەستی ئاسانکارییە بۆ گۆڕینەوەی پەیامەکان،

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران مەرجە سەرەکییەکانی ئێران خستەروو کە بریتین لە:

1- کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەتایبەتی لە لوبنان.

2- ئازادکردنی سەرجەم داراییە بلۆککراوەکان.

3- راگرتنی "رێگرییە دەریاییەکان" و ئابڵۆقەی سەر کەشتیوانیی ئێران.

بەقایی گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی بە نیازپاکی دەستمان بە گفتوگۆ کردووە، بەڵام بەهۆی ئەزموونی رابردوومان لەگەڵ ئەمریکا، گومانێکی زۆر و لۆژیکیمان بەرانبەر رەفتارەکانی واشنتن هەیە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە رێگەی رێگریی دەریاییەوە زنجیرەی دابینکردنی وزەی جیهانی تێکداوە. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕەفتارانەی کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.

لە پێشهاتێکی گرنگدا، بەقایی ئاشکرای کرد ئێران بە هاوکاریی سەڵتانەتی عومان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، خەریکی داڕشتنی پرۆتۆکۆلێکی ئەمنییە بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی بەردەوام لە گەرووی هورمزدا.

گوتیشی: "ئەم میکانیزمە نوێیە تەنیا رەهەندی ئەمنی نییە، بەڵکو پاراستنی ژینگەی ناوچەکەش لەخۆدەگرێت کە بەهۆی جەنگەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە." جەختیشی کردەوە ئێران هەمیشە پارێزەری کەشتیوانیی ئارام بووە لە گەرووەکەدا و دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی کەناراوەکان ئەم ئاسایشە بچەسپێنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد پلان و ئامادەکاری هەیە بۆ ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرک بکات.

ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوا و دەستپێشخەری وڵاتی چین ڕێکخراوە، کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی خولیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد هەرچەندە ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام چوونە ناو خاکی ئەمریکا و بەشداریکردنی وەزیری دەرەوە بەستراوەتەوە بە دوو خاڵ، دەرکردنی ڤیزا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە و ئەولەویەتە دیپلۆماسییەکانی تاران لەم قۆناغەدا.