پزیشکیان: بژاردەی دیپلۆماسی لە جەنگ ژیرانەترە
سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر فشارە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا راگەیاند و جەختی کردەوە کە تاران هەمیشە خوازیاری ئاشتی بووە، بەڵام لە ژێر فشاردا تەسلیم نابێت.
چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران،لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "ئێران بەردەوام رێزی لە پابەندییەکانی گرتووە و هەموو رێگەیەکی تاقی کردووەتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ؛ لە لایەن ئێمەوە هەموو رێگاکان بۆ چارەسەر بە کراوەیی ماونەتەوە."
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریی دایە لایەنە بەرامبەرەکان و گوتی: "ناچارکردنی ئێران بۆ خۆبەدەستەوەدان لە رێگەی فشار و زۆرەملێوە، جگە لە خەیاڵ هیچی تر نییە." ئەم لێدوانەی پزیشکیان وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ هەڕەشەکانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ کە داوای لە ئێران کردبوو بە خێرایی مەرجەکان قبووڵ بکەن.
لە پەیامەکەیدا، پزیشکیان جەختی لەسەر پێویستیی رێزگرتنی دوو لایەنە کردەوە و ئاماژەی دا "رێزگرتنی دوو لایەنە لە دیپلۆماسیدا، زۆر ژیرانە تر، سەلامەتتر و بەردەوامترە لە بژاردەی جەنگ."
چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە، دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی بۆ تاران ناردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران.