ساسان عەونی: سوودمەندبووانی قۆناخی یەکەم زەویەکانیان تاپۆ دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناخێکی دیکەی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا زیاتر لە 6,500 پارچە زەوی لە ناوچەی جەژنیکان ئامادەکراون.

​وەزیری شارەوانی وردەکاریی دابەشکردنی زەوییەکانی راگەیەند و گوتی: ​3 هەزار و 500 پارچە زەوی تایبەت کراوە بە تیروپشکی فەرمانبەران. 3 هەزار پارچەکەی دیکە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان تەرخانکراوە.

​ساسان عەونی ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەش قۆناخی رابردوودا، 38 هەزار و 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرابوو، بە پرۆسەکەی ئەمڕۆشەوە کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی زەوییان وەرگرتووە و لێی سوودمەند بوون، دەگاتە زیاتر لە 42 هەزار فەرمانبەر.

​گوتیشی: "لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەر بە هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. خۆشحاڵین کە تا ئێستا 50%ی ئەوانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە زەوییان پێدراوە، فەرمانبەرانی دیکەش دڵنیا دەکەینەوە کە لە قۆناخەکانی داهاتوودا زەوی بەوانەش دەدرێت کە ناویان گەڕاوەتەوە."

​سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتیان لە درێژەکێشانی پرۆسەی تاپۆکردن، وەزیر رایگەیاند، هەرچەندە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و کاتبەرە، بەڵام فەرمانگەکان هەوڵێکی باشیان داوە و قۆناخی باش بڕدراوە، راشیگەیاند، "ئەوانەی لە قۆناخی یەکەمدا زەوییان پێدراوە، بەم زووانە تاپۆکانیان تەواو دەبێت و رادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بچن بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن."

​لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری شارەوانی تیشکی خستە سەر کارەکانی چوار ساڵی رابردووی وەزارەتەکەی و گوتی: فەرمانگەیەکی تایبەتمان بە ناوی "یەکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد" دامەزراندووە بە مەبەستی گۆڕینی 90 هەزار کارت بۆ سەنەدی تاپۆ، لە ئێستا زۆربەی ئەو کارتانە کراونەتە سەنەد و تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ماوە، هاوکات جەختی کردەوە، کە هەمان یەکە کار لەسەر زەوییەکانی فەرمانبەرانیش دەکات بۆ ئەوەی کارتەکانی ئەوانیش بکرێنە سەنەدی فەرمی.