ئەردۆغان بڕیاری داخستنی زانکۆیەکی لیبراڵی لە ئیستانبوڵ دا
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا مەرسوومێکی بۆ داخستن و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی زانکۆی "بیلگی" دەرکرد، کە یەکێکە لە زانکۆ سەربەخۆ و لیبراڵە دیارەکانی شاری ئیستانبوڵ و زیاتر لە 20 هەزار قوتابیی هەیە.
هەینی، 22ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی، بڕیاری داخستنی زانکۆیەکی سەربەخۆ و بەناوبانگی لیبراڵی لە شاری ئیستانبوڵ، لە ناوەڕاستی ساڵی خوێندندا دەرکرد.
بە پێی مەرسوومە سەرۆکایەتییەکە کە لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاو کراوەتەوە، مۆڵەتی کارکردنی زانکۆی "بیلگی" هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەم زانکۆیە کە زیاتر لە 20 هەزار قوتابییانی ناوخۆیی و بیانی هەیە، خاوەنی چەندین توێژەری دیار و ناسراوە لە بوارە جیاوازەکاندا.
بڕیارەکە پاڵپشتە بە یاسایەک کە رێگە بە داخستنی دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەکان دەدات، ئەگەر بێتو "ئاستی چاوەڕوانکراوی فێرکردن و راهێنان تێیاندا بەس نەبێت".
زانکۆی بیلگی لە ساڵی 1996 دامەزراوە و بە ئاراستە لیبراڵییەکەی ناسراوە. زانکۆکە بەشدارە لە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان "ئیراسموس" (Erasmus) کە سەر بە یەکێتیی ئەوروپایە و، ساڵانە میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی ئەوروپی و نێودەوڵەتی دەکات.