مەسرور بارزانی: پشتیوانی لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکوومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی".
جەختیش لەوە کراوەتەوە "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان".