یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام، بەبەشداری 33 فیلمی کوردی، لە بەریتانیا لەشاری بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2026، شەهێن سابیر، گوتەبێژی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام بە کوردستان24ی گوت، "فێستیڤاڵەکە ئێستا لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکاریدایە و هەموو لێژنە جیاوازەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگییە تەکنیکی و هونەرییەکاندا سەرقاڵی کارن. تیمەکانی پلاندانان، هونەری و جێبەجێکردن بە هاوکاری یەکتر، وردەکارییەکانی پێشکەشکردنی بەرنامەکان و رێکخستنی سەکۆ و شوێنی نمایشەکان تەواو دەکەن، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە ئاستێکی بەرزدا دەستپێبکات."

شەهێن سابیر گوتیشی، "خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، 33 فیلمی بەشداربووی تێدایە کە لە نێوانیاندا سێ فیلمی درێژ و دوو فیلمی ئەنیمەیشن هەن و زۆربەی بەرهەمەکان لە ژانری درامادا پێشکەش دەکرێن. ئەم ژمارەیە نیشانەی گەشەکردنی بەردەوامی سینەمای کوردی و فراوانبوونی دەنگی فیلمسازانی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانە."

گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە باس لە بەشداریکردنی فیلمێکی گرنگ دەکات و دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، فیلمی "دراوسێکان"، لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، وەک فیلمی ئۆپنینی فێستیڤاڵ هەڵبژێردراوە؛ هەڵبژاردنێک کە بە پێگە و ناوبانگی ئەم دەرهێنەرە لە سینەمای کوردیدا گرنگییەکی تایبەت بە دەستپێکی فێستیڤاڵ دەبەخشێت."

شەهێن سابیر ئاماژەی بەوەش دا، "لە بوارى دادوەریشدا، دەستەی دادوەران لە کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای بواری سینەما و رەخنەی فیلم پێکهاتووە؛ ئەوانەی کە ساڵانێکی زۆر ئەزموونیان لە فیلمسازی، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بەرهەمە هونەرییەکاندا هەیە. بەگوێرەی رێوشوێنی دانراو، فیلمەکان بە پشتبەستن بە پێوەرە هونەری و تەکنیکییەکان بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و پیشەیی بدرێت."

دەربارەی دابەشکردنی خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە، شەهێن سابیر دەڵێت، "هەروەها فێستیڤاڵەکە هەشت خەڵاتی سەرەکی بۆ براوەکانی کێبرکێی کورتە فیلمەکان تەرخان کردووە، کە بریتین لە،  باشترین کورتە فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین مۆنتاج، باشترین دەنگ، باشترین ئەکتەری کوڕ و باشترین ئەکتەری کچ. ئەم خەڵاتانەش ئاماژەن بە گرنگی دان بە هەموو لایەنە هونەری و تەکنیکییەکانی دروستکردنی فیلم."

بڕیارە 28ی ئایاری 2026، یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام، لە بەریتانیا لە شاری بێرمینگهام بەڕێوەبچێت و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت.