زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو حاجی گەیشتوونەتە سعوودیە
بەرپرسانی سعوودیە رایانگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی گەشتکردن و ئەو دۆخە نائارامەی بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە دروستبووە، تا ئێستا زیاتر لە 1.5 ملیۆن حاجی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە ناو خاکی سعوودیە.
ساڵح ئەلموربەع، فەرماندەی هێزەکانی پاسپۆرت لە حەج، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پڕۆسەی هاتنی حاجییان لە دەرەوەی وڵاتەوە بەرەو کۆتایی دەچێت و تا ئێستا 1,518,153 حاجی گەیشتوونەتە سعوودیە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی 2025 زیادی کردووە.
سەبارەت بە رێگاکانی گەیشتنی حاجییان، فەرماندەی هێزەکانی پاسپۆرت ئامارەکانی بەم شێوەیە خستە ڕوو:
1,457,514 حاجی لە رێگەی ئاسمانییەوە گەیشتوون.
45,141 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە گەیشتوون.
6,497 حاجی لە رێگەی دەریاوە گەیشتوون.
ئەم شەپۆلە گەورەیەی حاجییان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی ململانێ سەربازییەکان و هێرشە بەردەوامەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە، رووبەڕووی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان ببووەوە، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی فڕین لە کەنداو، وەک هێڵە ئاسمانییەکانی ئیمارات، قەتەر، ئیتیحاد و بەحرەین، توانیویانە بەشێکی زۆری چالاکییەکانیان دەستپێبکەنەوە و رۆڵی سەرەکی لە گواستنەوەی حاجییان بگێڕن.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە مەراسیمەکانی حەج بە فەرمی دەستپێبکەن و رۆژی سێشەممە، حاجییان لە کێوی عەرەفە بوەستن کە روکنە هەرە سەرەکییەکەی فەریزەی حەجە، بەرپرسانی سعوودیە جەخت دەکەنەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن کەشێکی ئارام و رۆحی بۆ حاجییان دابین بکەن و نەهێڵن ململانێ سیاسییەکان کاریگەری بکاتە سەر ئەم ئەرکە گەورە ئاینییە.