مەسرور بارزانی: ئامادەین ئەزموونی پڕۆژەی رووناکی بگوازینەوە بۆ عێراق

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایگەیاند، داکۆکییان لەسەر دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و نییەتێکی باشیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بە رۆژنامەنووسان راگەیاند، تاوەکوو ئێستا کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق زۆر ئەرێنی بوون.

گوتیشی: تاوەکوو ئێستا لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی زۆر خۆشحاڵم و هیواداریشم ئەنجامی باشتریشمان هەبێت.

سەبارەت بەوە حکوومەتی فیدراڵ دەیەوێت سوود لە پرۆژەی رووناکی وەربگرێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، پێشتریش هەڵوێستی خۆمان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق پیشان داوە، هەرچییەک بە ئێمە بکرێت ئامادەین، گفتوگۆی زۆریش لەسەر ئەوە کرا چۆن بتوانین هاوکاری یەکدی بکەین، بەتایبەت کە وەرزی هاوین پێویستی بە کارەبایەکی زۆرە.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو هاووڵاتییان درێغی ناکات.

مەسرور بارزانی لەبارەی جێبەجێکردنی دەستوور لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق داکۆکیمان لەسەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، هەروەها باسمان لە تەواوکردنی حکوومەتی فیدراڵ کردووە، بۆ ئەوەی هیچ یاسایەک پێشێل نەکرێت و مافی خەڵکی نەفەوتێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، ئەوە لە کۆبوونەوەکاندا بینیمان نییەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و عێراق هەیە، ئومێدەواریشم ئایندەیەکی باشترە چاوەڕێمان بکات.