سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا کۆبوونەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، بۆ مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان، جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، لەگەڵ موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.

بە پێی راگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا.

هاوکات هەردوولا، جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و هەروەها چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت گەیشتە بەغدا و دوو رۆژ لە پایتەختی عێراق دەمێنێتەوە.